شارپرێس:
شی جینپینگ سەرۆکی چین ئەمڕۆ چوارشەممە لەفڕۆکەخانەی شنجن لەباشوری وڵاتهكهى، لەبەردەم قادرمەی فڕۆکەکە پێشوازیی لەدوناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کرد؛ ئەوەش لەکاتێکدایه بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لەکۆبونەوەیەکی سێ قۆڵیدا بەشداریی بکەن کە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیاش تێیدا ئامادەدەبێت.
ئەم هەنگاوەی شى وەڵامێکە بۆ پێشوازییەکی دەگمەن کە ترەمپ لەئەیلولی ڕابردودا لەفڕۆکەخانەی ئەمریکا لەشیی کردبوو. ترەمپ لەمانیلاوە گەیشتە شنجن کە یەکێکە لەناوەندە گرنگەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا، بۆ بەشداریی لەکۆبونەوەی سەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئابوریی ئاسیاو پاسفیک (ئەپێک).
ئەم سەردانە لەکاتێکی هەستیاردا بۆ پەیوەندییەکانی نێوان زلهێزەکان ئەنجامدەدرێت؛ لەگەڵ بەردەوامبونی جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا، ناکۆکییە بازرگانیو تەکنەلۆژییەکانی واشنتۆنو پەکین، هەروەک هەڵکشانی گرژییەکان سەبارەت بەئاسایشی ناوەکییو جەنگی ئێران.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە، سەرانی ئەمریکا، چینو ڕوسیا سبهینێ کۆبونەوەیەکی سێقۆڵیی ئەنجامدەدەن؛ ئەمەش یەکەمین دیداری هاوبەشی سەرانی ئەم سێ وڵاتەیە.
بهگوێرهى بەرپرسانی ئەمریکی، گفتوگۆکان بابەتی کەمکردنەوەی جبەخانە ناوەکییەکانو جەنگی ئێران دەگرنەوە، لەگەڵ ئەوەی ترەمپ ئاماژەی بەباسکردنی جەنگی ئۆکرانیاش کردوە.
ئەم کۆبونەوەیە نیگەرانیی لەئۆکرانیاو پایتەختە ئەوروپییەکان دروستکردوە، لەبەر ئەگەری گەیشتن بەڕێککەوتنێک لەسەر داهاتوی ئۆکرانیا بەبێ بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەو وڵاتە.
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ هەوڵدەدات لەدۆسیەی چەکە ناوەکییەکاندا پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی بەدەستبهێنێت، بەڵام چین ڕەتیدەکاتەوە بەشداریی گفتوگۆی سێلایەنە بکات، پێشئەوەی جبەخانەکانی ئەمریکاو ڕوسیا کەمبکرێنەوە.
شىو پوتنیش ڕۆژی چوارشەممە لەشنجن دیدارێکی دولایەنەیان ئەنجامدا، شى داوای بەهێزکردنی ڕۆڵی هەردوو وڵاتەکەی لەدامەزراندنی سیستەمێکی جیهانیی فرەجەمسەری کرد، پوتنیش هیوای خۆی بۆ بەدەستهێنانی سودی گەورە لەکۆبونەوەی سێلایەنەکە دەربڕییو جەختی لەگرنگیی دیالۆگ کردەوە.
ڕێکخراوی "ئەپێک" کە لەساڵی 1989 دامەزراوە، 21 ئابوریی ناوچەی ئاسیاو پاسفیک لەخۆدەگرێتو بەکۆمەڵ زیاتر لەنیوەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی جیهان پێکدەهێنن.
