شارپرێس:
نوێنەری هەمیشەیی چین لەنەتەوەیەکگرتوەکان
جەختدەکاتەوە، بەردەوامیی بونی چەکدارە بیانییەکان پێویستی بەوریاییەکی تایبەت هەیە،
سەرباری پێشکەوتنەکانی دەسەڵاتدارانی سوریا لەئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش.
چین داوای لەحکومەتی سوریا کرد ڕێوشوێنی
یەکلاکەرەوەترو توندتر بگرێتەبەر بۆ ڕاوەدونانی سەرجەم ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەی
ناویان لەلیستی ئەنجومەنی ئاسایشدایە، لەنێویاندا (بزوتنەوەی ئیسلامیی تورکستانی ڕۆژهەڵات)؛
ئەم هەڵوێستەش پێداگریی پەکین نیشاندەدات لەسەرئەوەی بەرەنگاربونەوەی گروپە چەکدارە
بیانییەکان بکرێتە بەشێکی سەرەکی لەڕێکخستنەکانی قۆناغی ڕاگوزەر، لەکاتێکدا دیمەشق
هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی دەدات بۆ بوژاندنەوەی ئابورییو سەقامگیریی.
فو تسونگ نوێنەری هەمیشەیی چین لەنەتەوەیەکگرتوەکان،
لەمیانی دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕۆژی دوشەممە ڕایگەیاند، پێویستە دیمەشق بەڵێنەکانی
خۆی لەبواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بگۆڕێت بۆ ڕێکاری کردارییو کۆتایی بەو پانتاییانە
بهێنێت کە گروپە توندڕەوەکان بۆ بەردەوامیدان بەچالاکییەکانیان دەیقۆزنەوە.
ناوبراو هۆشداریشیدا لەوەی، بەردەوامیی
بونی چەکدارە بیانییەکان پێویستی بەوریاییەکی تایبەت هەیە، سەرباری ئەو پێشکەوتنانەی
دەسەڵاتدارانی سوریا لەدژی ڕێکخراوی داعش بەدەستیانهێناوە.
دیپلۆماتکارە چینییەکە جەختی لەپێویستیی
بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی مەترسییە تیرۆریستییەکانو
دوفاقیی پێوەرەکانی لەمامەڵەکردن لەگەڵ گروپە چەکدارەکاندا ڕەتکردەوە؛ هاوکات هۆشداریدا
لەگۆڕینی خاکی سوریا بۆ پەناگەیەکی ئارام بۆ گروپە توندڕەوەکان کە هەڕەشە لەئاسایشی
وڵاتەکەو ناوچەکە دەکات.
هێنانەناوەوەی ناوی (بزوتنەوەی
تورکستانی ڕۆژهەڵات) لەداواکارییەکانی چیندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەلەبەرچاوگرتنی
بونی چەکدارە ئیغۆرهکانی سەر بە(حزبی ئیسلامیی تورکستانی) لەسوریا لەساڵانی جەنگەوە،
کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەباکوری ڕۆژئاوای وڵات جێگیربونو لەپاڵ گروپە چەکدارەکانی
ئۆپۆزسیۆندا بەشدارییان لەشەڕەکاندا کرد.
خەمڵاندنەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژە
بەوەدەکەن، ئەم ڕێکخراوە نزیکەی سێ ههزارو 500 چەکداری هەیە، ئەمەش وایکردوە ببێتە
یەکێک لەگەورەترین کۆبونەوەکانی چەکدارە بیانییەکان لەسوریا، هەستیاریی ئەم دۆسیەیە
دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لەکانونی یەکەمی 2024 زیادیکرد، لەسایەی ئەو ڕاپۆرتانەی
باس لەتێکەڵکردنی چەکدارە بیانییەکان (لەنێویاندا چەکدارە ئیغۆرەکان) دەکەن لەناو
پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بەدەسەڵاتدارانی نوێدا، کە ئەمەش نیگەرانیی بەردەوامی چینی
لێکەوتوەتەوە.
داواکارییە ئەمنییەکانی چین دانابڕێن لەحساباتی
ئاوەدانکردنەوەو کرانەوەی ئابوری بەڕوی سووریادا، فو تسونگ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ
پشتیوانیکردنی ئاسایشو گەشەپێدان دەربڕییو هانی دیمەشقیدا هاوکاریی ئابوریی لەگەڵ
وڵاتانی ناوچەکە فراوان بکات؛ هەرچەندە پەکین بەئاشکرا ڕاوەدونانی ئەو بزوتنەوەیەی
نەکردوەتە مەرجی فەرمی بۆ پێدانی هاوکاریی، بەڵام دوبارەکردنەوەی داواکارییەکە نیشانی
دەدات کە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر پێوەرێکی سەرەکییە بۆ ئاستی متمانەو هاوکاری لەگەڵ
دەسەڵاتدارانی نوێدا.
لەهەمان چوارچێوەدا، نوێنەری چین داوای
لەحکومەتی سوریا کرد ڕێبازێکی سیاسیی گشتگیرتر بگرێتەبەر، داواکارییەکانی پێکهاتە
نەتەوەییو ئایینییەکان چارەسەربکاتو مافو بەشداریی یەکسانیان لەقۆناغی ڕاگوزەردا
مسۆگەربکات؛ هاوکات ئاماژەی بەگەڕانەوەی زیاتر لەیەک ملیۆن ئاوارەو پەنابەر کردو
داوای دابینکردنی ئاسایشو خزمەتگوزارییەکانی بۆکردن.
لەبەرامبەردا، فو تسونگ ڕەخنەی لەبونی
سەربازیی ئیسرائیل لەناوخاکی سوریاو هێرشە ئاسمانییەکانی گرتو بەپێشێلکردنی سەروەریی
سوریای ناوبرد؛ هەروەها دوپاتیکردەوە کە بەرزاییەکانی جۆلان خاکی داگیرکراوی سوریایەو
داوای لەئیسرائیل کرد هێزەکانی بکشێنێتەوەو ڕێز لەڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974
بگرێت.
ئەم هەڵوێستانەی چین دیمەشق دەخەنە بەردەم
تاقیکردنەوەیەکی قورس بۆ هاوسەنگکردن لەنێوان کۆنترۆڵکردنی چەکدارە بیانییەکانو وەڵامدانەوەی
داواکاریی زلهێزەکان کە پشتیوانیی سەقامگیریی سوریایان بەستوەتەوە بەتوانای دیمەشق
بۆ ڕێگریکردن لەبەکارهێنانی خاکی وڵاتەکە دژی ئاسایشی وڵاتانی دیکە.
