لەمەترسیی قۆرخکارییەوە تا هەڕەشەی دوو ئیدارەیی: نەخۆشییە ناوەخۆییەکانی حوکمڕانی لەباشووری کوردستان و ڕێگاکانی دەربازبوون

توێژینەوە و شیکاریی

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سیروان عوبەید

لەکاتێکدا دۆخی ناوچەکە بە خێرایی لە گۆڕاندایە مەترسییە سەرەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان تەنها لە دەرەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو لە قووڵایی ناکۆکییە حیزبی و خێزانە سیاسییە ناوخۆییەکانەوە هەڵقوڵاون. گەڕانەوە بۆ خولیاکانی دوو ئیدارەیی، قۆرخکردنی دەزگا نیشتمانییەکان، و هەوڵدان بۆ لەتکردنی نیشتمان لەپێناو کورسی و دەسەڵاتدا، سەربەخۆیی و دەستکەوتە مێژووییەکانی کوردی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازەوە؛ لێرەدا هەڵسەنگاندنێکی ڕیشەیی، بێلایەن و بێپەردە بۆ ئەم دۆخە مەترسیدارە و ڕێگاکانی دەربازبوون لێی دەخەمەڕوو:

ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، لە قووڵبوونەوەی ناکۆکییە حیزبییەکان تا دەگاتە قەیرانی حوکمڕانی، مەترسییەکەی گەورەتر و ترسناکترە لە هەموو ئەو پیلانگێڕییە دەرەکییانەی کە دژ بە کورد و دەستکەوتەکانی دەگێڕدرێن و لەئارادان. بە واتایەکی ڕوونتر؛ ئێستا مەترسی سەرەکی ئەوە نییە کە دەکرێ دوژمنانی کورد لەهەرکاتێکدا لە دەرەوە هەوڵی لاوازکردن و لەناوبردنی قەوارەی هەرێم بدەن، چونکە لەکۆنەوە تا ئەمڕۆش ئەوە هەمیشە بەشێکە لە سروشتی بێوچانی سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، کە هەمیشە پرسی کوردیان بە هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر مانەوەی خۆیان زانیوە. بەڵکو مەترسییە قووڵ و وێرانکەرەکە لە ناوخۆی ماڵی خۆماندایە؛ لەوەدایە کە سەرکردایەتی سیاسی حیزبەکان چۆن ناکۆکییە بچووکە کورتبینەکانیان بە شێوازێک بەڕێوە دەبەن کە گوتار و کردەوەکانیان، بەئاگایی یان بێئاگاییەوە، تەواو لەگەڵ ئامانج و بەرژەوەندیی ئەو دەوڵەتانەدا یەکدەگرێتەوە کە هەمیشە خوازیاری لەناوبردنی ئەم تاکە قەوارە سیاسییەی کوردن.

ئەمە تەنها پێشبینییەکی ساردوسڕ یان مەترسییەکی گریمانەیی بۆ داهاتوو نییە، بەڵکو خودی ئەو واقیعە تاڵەیە کە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیبینین. تاکە هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری کوردی کە نزیک بە سەدەیەک لە خەبات، ماندووبوون و قوربانیدانی خەڵکی تێکۆشەری ئەم نیشتمانە دروست بووە، دەبینین حیزبەکان، بەتایبەت دوو بنەماڵەی سەنتەری دەسەڵات، لەپێناو بەرژەوەندی تەسکی خۆیان خستوویانەتە بەردەم قەیرانێکی بنەڕەتیی بوون و مانەوە.

قەیرانێک کە ئەنجامەکانی چیتر لە سنووری ململانێی دوو حیزب لەسەر پۆست تێپەڕیوە و بووەتە هەڕەشەیەکی ڕیشەیی بۆ سەر تەواوی قەوارەی هەرێم، پرسی نەتەوەیی، و داڕمانی متمانەی خەڵک بە حوکمڕانی خۆماڵی و دامەزراوە نیشتمانییەکانی خۆی.

با بێموجامەلە و ڕوون بین؛ ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت ناکۆکی و لێکەوتەکانی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی ڕوودەدات، نموونەیەکی زەق و ئاشکرای ئەم داڕمانە حوکمڕانییە لۆکاڵیەیە لەناوەڕۆکی خۆیدا. بەڵگەش ئەمە: نزیک بە سێ دەیە لە تاکە حکومڕانی خۆماڵی کوردیمان، هێشتا بەهۆی ناکۆکییە خێزانییەکانی بارزانی و تاڵەبانییەوە، کورد لە باشوور نەیتوانیوە هەرێمێک بەشێوەیەکی ڕێک و پێک و نموونەیی بەڕێوەبەرێت کە لەبری بێزار بوونی هاوپەیمانەکانمان ببێتە جێی ئومێدی هاونیشتمانیانی خۆی و بەدەستهێنانی متمانەی جیهان؛ تا سبەی بڵێن بەڵێ، ئەگەر کورد لەمەودوا دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەبێت ئەوا دەتوانێ مۆدێلێکی جوانی دیموکراسی و حوکمڕانییەکی تەندروست بەڕێوەبەرێت و لەگەڵ بنەماکانی جیهان و بەهاکانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی خۆی ڕێک بکەوێت.

بەڵکو مخابن، بەهۆی ئەو ناڕێکی و ناکۆکییە بەردەوامە ناوخۆییانەوە، ئەوەشی کە لەئەنجامی هەندێک گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردووی ناوچەکەوە بەدەستهات — لە نموونەی شەڕی داعش، کە تێیدا کورد پاڵەوانییەتی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەفسانەی دڕندیی داعش سەلماند و لەبری جیهانیش شەڕی ترسناکترین هێزی تیرۆریستی کرد و جیهان بەڕوویدا کرایەوە — خەریکە ئەو دەستکەوتانەش بەتەواوی دەپووکێنەوە. لەکاتێکدا ناوچەکە لە گۆڕانکاری بەردەوامدایە و مەترسی و دەرفەتی مێژووییش لەبەردەرگای کوردن، دەبینین لەوکاتەشدا حیزب و خێزانە سیاسییەکان بەهۆی ناکۆکییەکانیان لەسەر بەرژەوەندی حیزبی، پۆست و دەسەڵات، دۆخێکیان دروستکردووە کە هاوپەیمانانیشمان بێزار بوون و متمانەیان بە خۆبەڕێوەبەری کوردی لاواز بووە.

لێرەدا خاڵێک کە پێویستە لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە؛ کە هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمەریکا بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی کار دەکات کە من پێموایە، هەرکاتێک بەغدا بتوانێت کێشەکانی پەیوەست بە میلیشا چەکدارەکان و داراییەکانی بەدڵی ئەمەریکا چارەسەر بکات ئەوە ڕەنگە ببێتە بەدیلی دەسەڵاتی هەرێم، لەم دۆخەدا بەدووری نازانم هەمان چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی باشووریشمان بکرێتەوە. بەواتایەکی تر. ئەگەر ئەو ناڕێکی و ناکۆکییە ناوخۆییانەمان چارەسەر نەکرێن کە بوونەتە نەخۆشی بۆ پرسی کورد و حوکمڕانیەکی تەندروستی کوردی، پارتی و یەکێتی ئیتر چۆن و بەچی ڕووییەکەوە داوا لە ڕۆژئاواییەکان دەکەن بمانپارێزن لەدەستدرێژییەکانی حکومەتی ناوەند یان وڵاتانی دراوسێ، یاخود پشتگیری سیاسیمان بکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی کە مافێکی سروشتی کورد و نەتەوەیەکە؟

ئایا درک بەوە دەکەن کە ئەم دوو ساڵەی دوایی، بەهۆی کورتبینی و ناکۆکیی حیزبی و خێزانیی بارزانی و تاڵەبانییەوە، چ گورزێکی گەورەی لە پرسی کورد و شکۆی خۆبەڕێوەبەری نەتەوەیی کورد کەوتووە؟ بێگومان، تێپەڕبوونی ماوەی ٢ ساڵ بەسەر هەڵبژاردن و حساب نەکردن بۆ بنەمای دیموکراسی و دەنگ و ڕای خەڵک؛ هاوکات چەقبەستوویی سیاسی و گەندەڵیی و قورخکاریی خێزانی و حیزبی بەردەوام و گوێنەگرتن لە هۆشدارییەکانی هاوپەیمانان، هەموو ئەمانە بە زۆر لەسەر هەرێم کەوتوون. بەوەشەوە نەوەستان؛ پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەوەی ئەو ماوە درێژە لە کارکردنی یاسادانان و چاودێریکردن پەکیانخستووە، لەم ڕۆژانەشدا بەحساب کارا کرایەوە، بەڵام ئەوەی دەبینین لەگەڵ کردنەوەی دەرگای بیناکەی لەجیاتی ئەوەی ببێتە دەستپێکی گفتوگۆیەکی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت و ڕێکخستنەوەی ماڵی کوردی، مخابن دووبارە بووەتەوە بە مەیدانی گەرمکردنەوەی قۆناغێکی تری ململانێ لەسەر پۆست، شێوازی قۆرخکاریی خێزانی، و کۆنترۆڵکردنی جوگرافیا و شارەکان. بە شێوەیەک، ناکۆکیی خێڵەکی و بنەماڵەیی لەسەر کورسی و کابینە گەیشتە ئەو ئاستەی کە بە ئاشکرا هەڕەشەی دابڕانی شارەکان لە یەکتریان و دابەشبوونی کۆمەڵگەو دروستکردنەوەی دوو ئیدارە و زۆنی جیاواز بکرێت.

لێرەدا دەبێت ئەم پرسیارە ڕیشەییانە بەبێ هیچ پێچوپەنایەک لەو سەرکردانە بپرسین: ئایا هیچ حیزبێک، هیچ سەرکردەیەک وهیچ بنەماڵەیەکی سیاسی مافی ئەوەی هەیە لەبەر ئەوەی لەسەر پۆست و دەسەڵات لەگەڵ هاوبەشەکەی نەگەیشتووەتە ڕێککەوتن، شارێک یان ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان داببڕێت و چارەنووسی گەلێک بخاتە لێواری مەترسییەوە؟ ئایا خاک و یەکپارچەیی ئەم نیشتمانە موڵکی تاپۆکراوی حیزبەکانە تا هەر کاتێک لە دابەشکردنی دەسەڵاتدا ڕێک نەکەوتن، بتوانن پارچەیەکی لێ جیا بکەنەوە؟ پێمان بڵێن، ئەم شەرعیەتە مێژوویی و نیشتمانییەیان لە کوێ وەرگرتووە؟ لە دەنگی پاکی خەڵک؟ لە کام یاسا؟ لە دەستوور؟ یان لەڕاستیدا لە هێزی چەکدار، قۆرخکاری، زۆرداریی خێڵەکی و بڕیاری پایتەختەکانی دراوسێوە؟

وەڵامەکە زۆر ڕوونە؛ هیچ حیزب و کەسێک ئەو مافەی نییە. هەرێمی کوردستان بە دوعا و ڕێککەوتنی دوو بنەماڵە دروست نەبووە و بە ڕەزامەندی ئەوانیش بەردەوام نابێت. ئەوەی هەیە، بە هەموو کەموکوڕی و کێشەکانیشەوە، دەستکەوتێکی بەخوێن و قوربانی بەدەستهاتووی نەتەوەیەکە و موڵکی ڕه‌های هەموو تاکێکی کوردستانە. نە حیزبێک دەتوانێت بە تەنها خاوەندارێتیی تەواوی بکات، و نە حیزبێکی تریش بۆی هەیە بە ناوی ناڕەزایەتی یان ململانێوە، یەکپارچەییەکەی بخاتە ژێر هەڕەشەی لەناوبردنەوە.

بۆیە پێویستە گەلی کوردستان و هاووڵاتیانی لەوە هۆشیار بن کە دەنگی زۆرینەی پەرلەمان، هەرچەندە لەڕووکەشدا بنەمایەکی دیموکراتی بێت، بەڵام هەرگیز مۆڵەت نییە بۆ لەبەرچاونەگرتنی هاوبەشی سیاسی و سەپاندنی تاکڕەوانەی بڕیاری لایەنێک بەسەر کۆمەڵگەدا. لە بەرامبەریشدا، بایکۆت و ناڕەزایەتیی لایەنی تر، هەرگیز نە پاساوە و نە مافە بۆ ئەوەی هەڕەشەی لەتکردنی هەرێم و دروستکردنی دەسەڵاتی هاوتەریب و زۆنی ڕەنگاوڕەنگ بکرێت. مخابن ئەگەر حیزبەکان لە مێژوودا فێری ئەو وانەیە بووبان کە بۆچی پێویستە عەقڵییەتی خێڵەکی و بەرژەوەندیی تەسک تێپەڕێنن، ئەوا نە زۆرینە دەبوو بە قامچی سەرکوتکردن و زەمینەسازی بۆ هەوڵدان بۆ خیانەتی نیشتمانی، نە بایکۆتیش دەبوو بە بەهانەی پەکخستن و داخستنی دەرگای دامەزراوەکان و هەڕەشەی لەتکردنی ئەم بەشەی نیشتمان بەدەستی کورد خۆی.

ئەوەی ئێستا زۆر گرنگە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، مەترسی گەورەی دروستکردنەوەی «دوو ئیدارەیی»یە. هەر هەڕەشەیەک یان هەنگاوێک بەو ئاراستەیەدا، لە هەر لایەنێکەوە بێت، خیانەتێکی گەورەی نیشتمانییە. ئەوانەی هەوڵی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان دەدەن، خیانەتێکی مۆدێرن لەژێرناوی فێڵێکی یاسایی ئەنجام دەدەن. بەڵام دەبێ بزانن ئەگەر پیلانەکەیان سەربگرێت — کە هەمان ئامانجی دوژمنانی کورد و کوردستانە — مێژوو بە هەمان ڕوو ڕەشی و شەرمەزاریی خیانەتکارانی مێژوو محەکومیان دەکات. بۆیە پێش هەر هەنگاوێکی کرداری بەو ئاراستەیەدا پێویستە چەندین جار بیربکەنەوە. ناوهێنانی زۆنی زەرد و سەوز، هێڵی دێگەڵە، و زیندووکردنەوەی شارچێتی و ناوچەگەرێتی، هەمووی بەشداریکردنە لەم تاوانە گەورەیەدا. سلێمانی، هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین و هەموو شارەکانی تری کوردستان، یەک پارچە خاکن و مافی هاووڵاتییەکانیان یەکسانە. نابێت چیتر قبوڵ بکرێت کە لە سایەی ململانێی حیزبیدا، هاووڵاتی لە زێدی خۆیدا بە پلە دوو سەیر بکرێت و لەژێر دەسەڵاتی جیاوازدا ستەمی لێ بکرێت.

ئەزموونی تاڵی ساڵانی نەوەدەکان و شەڕی براکوژی کە هێشتا برینی دابەشبوونی دەسەڵات و متمانەی بەجێهێشتووە. ئەو شەڕە ناڕەوایەی کە نەک تەنها دوو حیزبەکەی ماندوو کرد، بەڵکو دامەزراوەکانی خنکاند، شەقامی کوردی دابەش کرد و براکان دەستیان بەخوێنی یەکتر سوور بوو..! هاوکات دەرگای بۆهەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی واڵا کرد. دووبارە باسکردنەوەی دوو ئیدارەیی — کە لە بنەڕەتدا بەرهەمی مێژووییەکی خوێناوی و براکوژییە — گەڕانەوەیە بۆی؛ واتە شانازیکردن بەو مێژووە پڕ لە شەرمەزارییەی براکوژی. هەر هەنگاوێک کە لە هەڕەشەوە ببێتە کردار، گەڕانەوەیە بۆ مێژووییەکی ڕەشی خۆکوژی، ناشیرین و پڕ لە نەفامی و نەهامەتی. لەوەش خراپتر ئەمجارەیان لە ناوچەیەکدا کە زۆر لەوە لاوازتر دەبێت بەرامبەر فەلسەفەی داگیرکاری بوەستێتەوە. پرسیارەکە لێرەدایە: ئەگەر شەڕی براکوژیش ڕووینەدا، بەڵام هەرێم دابەش بوو، کێ دەتوانێت لە بەغدا، ئەنقەرە و تاراندا بەرگری لە نەوت، بودجە، سنوور، پێشمەرگە و ناوچە دابڕێنراوەکان بکات؟ کێ لە جیاتی گەلی کوردستان قسە دەکات و بڕیار دەدات؟

ئەم ناکۆکی و کێشە قووڵەیە، تەنها بەرهەمی خوولی ئەمجارەی پەرلەمان یان کابینەی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو پاشخان و ڕەنگدانەوەی کێشەیەکی مێژوویی قوولترە؛ کە سەرەڕای ئەوەی لەسەرەوە باسمان کرد، بەشەکەی تری لە ساڵی ٢٠٠٥ و دوای دروستبوونی قەوارەی دەستووریی و یاسایی هەرێم خۆی لە تێکەڵنەکردنی حیزب بە دەزگا نیشتمانی و دامەزراوەکان دەبینێتەوە. ئەوەی کە بە درێژایی دەیان ساڵە، هەردوو حیزبی سەرەکی دەسەڵاتی خۆیان لە سەرووی یاسا و هاوتەریب لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکاندا دروست کردووە. تۆڕە ئابووری، ئەمنی، میدیایی، حیزبی و خێزانییەکان لەناو دەزگاکاندا وایان کردووە کە هاووڵاتی بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی ناچار بێت پەنا بۆ واسیتەی حیزبی و ڕەزامەندیی ناوەندی بڕیاری حیزب ببێت، نەک بۆ دادگا و یاسا. ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر بووەتە هۆکارێک بۆ کوشتنی هەستی نیشتمانپەروەری و گۆڕینی تاک بۆ لایەنگرێکی بەستراوە بە نۆکەرایەتیی حیزبی و خێزانیی سیاسییەوە.

لە ڕووی دەرەکییشەوە، هیچ کاتێک نابێ چاوەڕێی ئەوە بین کە دەوڵەتانی داگیرکەری هەرێمی (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) بەرژەوەندیی کورد بخەنە پێش بەرژەوەندیی ستراتیژیی خۆیانەوە؛ لەکاتێکدا بۆ ئەوان، پرسی کورد هەمیشە هەڕەشە بووە. بۆیە لاوازیی ناوخۆیی ئێمە و په‌رەسەندنی ناکۆکییەکان، لە ئێستادا باشترین زەمینەیە بۆ ئەوەی ئەوان زیاتر دەستوەردان بکەن و دەستکەوتەکانمان لەناو ببەن. دەبێ ئەوە لەبیر نەکەین کە ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا لە باشوور بەردەوام بێت، ئەوا ڕاستەوخۆ، لە تورکیا و لە سووریاش کاریگەری نەرێنی لەسەر دواکاری مافەکانی کورد و دانوستاندنەکانی نێوان کورد و ئەو دوو وڵاتە دادەنێت.
لەو ڕووەوە، چیتر نابێ تەنها هیوامان بە ئەمریکا و هاوپەیمانان هەبێت کە هەرچەندە ناکۆک و کێشەشمان زۆر بن ئەوان دەمانپارێزن؛ ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و ئەگەر پێمانوابێ کورتبینی و خۆخەڵەتاندنە. بێگومان، هاندان و پشتیوانیی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ کورد تائێستاش هەیە و زۆر گرنگە، بەڵام جگە لەوەی تا سەر نامێنێ، هەرگیز جێگەی یەکڕیزیی ناوخۆیی و دامەزراوەی پتەوی نیشتمانی ناگرێتەوە، بەڵکو لەداهاتووشدا پشتگیریی درێژخانی هاوپەیمانەکانمان پەیوەستە بە هەرێمێکی دیموکراسی، یەکگرتووی فرەڕەنگ و بەهێز لە ڕووی دامەزراوە یاسایی و نیشتمانییەکانەوە.
لەم قۆناغە هەستیار و مێژووییەدا، داوای هێورکردنەوە و دانبەخۆداگرتنی هاونیشتمانیان و حیزبەکان گرنگە بۆ ئەوەی لێکەوتەکانی ئەو کێشانە قەیرانی لەوە قووڵتریان لێنەکەوێتەوە. بەڵام واقیعی هەرێمەکەمان پێمان دەڵێت، کە کێشەی ڕیشەیی و قووڵی هەرێمی کوردستان تەنها بە ڕێککەوتنێکی ڕووکەش و دابەشکردنی چەند پۆستێک لە نێوان هێزە حیزبی و خێڵەکییەکاندا چارەسەر ناکات؛ چونکە ڕاستییەکە ئەوەیە کە ململانێ مێژووییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، مخابن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و خزمەتکردنی نیشتمان بنیات نەنراون، بەڵکو هێشتا لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات، قۆرخکاریی سامانی گشتی و نەبوونی ئامانجێکی ستراتیژیی نەتەوەیی هاوبەش بەڕێوەدەچن. ئەم جۆرە لە حوکمڕانیی بنەماڵەیی و حیزبی، لە ڕابردوودا ئەم دەسەڵاتەی کوردی لاواز کردووە و هەمیشە دەرگای بۆ دەستێوەردانی دەرەکی واڵا کردووە، و تا ئەم ساتەش مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لەسەر مانەوەی قەوارەی هەرێم، و پێگە و پرسی کوردیش لە هەموو پارچەکانی کوردستان. تەنانەت ئەگەر ئەمجارەش حیزبەکان ڕێک بکەون و حکومەت دروست بکەن، چارەسەرەکان کاتی دەبن و ناکۆکییەکان و مەترسی لەسەر قەوارە و زەمینەی دەستوەردانی بەهێزی بەغدا و دەوروبەر زیاتر و بەردەوام دەبن.
بە بۆچوونی من، بۆ دەربازبوون لەم بازنە داخراوە و دابینکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر، ئەوەی کە حوکمڕانی و سیاسەتی هەرێمی کوردستان ڕێکبخاتەوە، پێویستی بە چەند هەنگاوێکی نیشتمانیانە، بوێرانە و هەمەلایەنەی خەڵک، حیزب و هەموو چین و توێژێک هەیە؛ لەوانەش پێویستە ڕۆڵی هۆشیاریی کادر و ئەندامانی ناو خودی حیزبەکان بەدیار بکەوێت. چونکە ئەوانەی هێشتا بە ڕەوشت و ویژدانی نیشتمانییەوە پەیوەستن و بەو ئامانجە بوونەتە ئەندامی حیزبێک کە لە ڕێگەیەوە خەبات و خزمەتێک بە گەل و نیشتمانی خۆیان بکەن — نەک بۆ چڵێسی و بەرژەوەندی تەسک و نانە ورگەی خۆیان — دەبێت لە ناو حیزبەکانیاندا هەوڵی گۆڕانکاری بدەن، بوێر بن، ڕەخنە بگرن و هەڵوێست وەربگرن بەتایبەت کاتێک دەبینن بڕیاری سیاسیی سەرکردەکانیان سۆزدارانەیە یان دوورکەوتووەتەوە لە ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی. پێویستە ئەو ئەندامانە بزانن کە تەنها فەرمان جێبەجێکردن بەبێ پرسیارکردن، دەبێتە سەلماندنی کۆیلەیی و بەڕۆبۆتبوونیان و ناتوانن هیچ خزمەتێک بە گەل و نیشتمانی خۆیان بگەیەنن.
هاوکات، ئەرک و ڕۆڵی میدیا، خەڵک و چین و توێژەکان لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە هەرگیز بێدەنگ نەبن؛ ئەوە لەبەرچاوبگرن کە هەمووان هاونیشتمانی یەک خاکین و هاوخوێنین، بۆیە نەکەونە یەکترشکاندن بەهۆی دروشم و ناکۆکیی و ململانێی حیزبییەوە کە دەبێتە هۆی دابەشبوونی قووڵی کۆمەڵایەتی و خەونی دوژمنانی کورد. هەروەها، پێویستە هەرکەس بزانێت کە بێدەنگی لە بەرامبەر ستەم و لەتکردنی نیشتماندا بەشدارییە لە تاوانەکەدا؛ ناکرێت و نابێت بکەونە دوای هیچ بڕیارێکی حیزبی و خێزانە سیاسییەکان کە ئامانج و لێکەوتەی دابەشکردن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بێت، چونکە لێکەوتەکەی ڕاستەوخۆ لێدانە لە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و خزمەتکردنی ڕاستەوخۆیە بە ئامانج و ئەجندای وڵاتانی داگیرکەری ئەم یشتمانە.
سەرەڕای هەموو ئەو ناکۆکییە قووڵ و کێشە کەڵەکەبووە هەنووکەیی و مێژووییانەش، نابێ بێهیوا بین، چونکە تاکە ڕێگەی سەرکەوتن و ڕزگاربوون تەنها و تەنها یەکگرتوویی و هەوڵدانی هەمەلایەنەی نیشتمانی و نەتەوەییمانە. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکان لەخۆیان بپرسن: ئەوان کێن؟ خزمەتی کێ و چی دەکەن؟ وە دەبێ لە سەرکردەکانیان بپرسنەوە و ڕوو بە ویژدانیان پێیان بڵێن: ئەگەرهێشتا بەڕاستی دەیانەوێ بەرژەوەندی نەتەوەیی لە پێش بەرژەوەندی تەماعی خێزانی و حیزبییەوە بێت و کوردستان بپارێزن، ئەوا دەبێت بزانن کە کوردستان بە لەتکردن و گوتار و دروشمی بریقەداری سەر شاشەکان ناپارێزرێت، بەڵکو بە ڕێککەوتن و سازشی نیشتمانییانە، بە دیدگا و کرداری هاوبەشی نیشتمانی، و لە سەرووی هەمووشیانەوە بە باوەڕبوون بە یەکپارچەیی خاك و خاکەلێوەی ئەم نیشتمانە دێتەدی، لەگەڵ پێویستی بوونی فرەڕەنگی و ناکۆکییە دیموکراتییەکان.
لە پێناو هێنانەدی ئەم ئامانجە مەزنە و گەیشتنی ئەم پارچەیەی نیشتمان بە کەناری ئارامی و چارەسەری ڕیشەیی و بنەڕەتیی کێشەکانیش، پێویستە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بۆجارێکیش بێت حیزبایەتی تێپەڕێنن و بڕیارێکی نیشتمانی هەمەلایەنە و بوێرانە بدەن کە ئەم چوار خاڵە چارەنووسسازە لەخۆ بگرێت:
یەکەم: جیاکردنەوەی ڕەهای حیزب لەحکومەت و  دامەزراوەکان، بە جۆرێک کە وەزارەت، دادگا، پۆلیس، دەزگاکانی داهات و خزمەتگوزارییەکان موڵکی ڕه‌های خەڵک بن و بۆ خزمەتی گشتی کار بکەن، نەک بۆ ئۆرگانی حیزبی و قۆرخکاریی خێزانی.
دووەم: سەروەریی یاسا و چاودێری پەرلەمانیی ڕاستەقینە، واتە نابێت هیچ کەس و بەرپرسێک لە سەروو یاساوە بێت و بەهۆی پلە و ئەندامێتیی حیزب لە یاسا پارێزراو بێت؛ دەبێ کار بکرێت تا دادگاکان بە تەواوی سەربەخۆ بن لە دەستتێوەردانی حیزبی و سیاسی.
سێیەم: یەکخستنی ڕاستەقینەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان — نەک بەو شێوە ڕووکەشییەی کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بینیمان ، چونکە پێشمەرگە دەبێ هێزی نیشتمانیی هەموو کوردستان بێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک لە ئێستا و داهاتووشدا ببێتە کارتی ململانێ و چەکی دەستی حیزبەکان دژ بە یەکتر. پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە، هەر فەرماندە و هێزێکی چەکدار بەهۆی ململانێی حیزب و ناکۆکیی خێزانە سیاسییەکانەوە ڕووی تفەنگەکەی لە هاونیشتمانیی خۆی بکات، ئەوا دەیسەلمێنێت کە تەنها چەکدارێکی بێڕەوشتی مافیاییە و نیشتمان و نەتەوەکەی هیچ بەهایەکیان نییە بۆ ئەو.
چوارەم: پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەکی یەکگرتوو، کە تێیدا ڕێگە نەدرێت هیچ حیزب و لایەنێک بە جیا و ژێربەژێر لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوە مامەڵە بکات، بەڵکو دەبێت بڕیاری دەرەکی و پەیوەندییەکان تەنها لە چوارچێوەی دامەزراوەیی و بەرژەوەندی نیشتمانیی هەرێمدا ڕێک بخرێن و بڕیاریان لەسەر بدرێت.
بە واتایەکی تر؛ تا ئەمانە ئەنجام نەدرێن، ئەوا مەترسییە دەرەکی و ناوخۆییەکان و زەمینەسازی بۆ هەموو جۆرە دابەشبوون و خیانەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بەردەوام دەبێت کە وەک شێرپەنجەیەکی کوشندە جەستەی نەتەوەکەمان دەخوات؛ و بۆ هەمیشە چارەنووسی ئەم قەوارەیە لە لێواری داڕمان و لەناوچووندا دەهێڵێتەوە.