ئەنجامەکانی ڕاپرسییەک لەسەر ناسنامە و ئایینداریی نەوەی نوێ
نووسەر: ئایدین ئۆنال
سکۆی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی گەنجانی تورکیا (TGSP)، هەر سێ ساڵ جارێک توێژینەوەیەکی فراوان بە ناونیشانی گەنجانی تورکیا ئەنجام دەدات. عەلی حەیدەر ئۆستائوغلو، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوەیە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە بەشداریی بیلال ئەردۆغان بەڕێوەچوو، ئەنجامەکانی توێژینەوەی ساڵی 2026ی ڕاگەیاند.
لە چوارچێوەی ئەم توێژینەوەیەدا، 8103 گەنجی تەمەن 15 تا 30 ساڵ لەبارەی عادەتەکان، شێوازی ژیان، ئاراستەکان و بۆچوونە کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسییەکانیانەوە پرسیاریان لێکراوە. داتاکانی ئەمساڵیش لەگەڵ ئەنجامەکانی دوو توێژینەوەی پێشوو، لە ساڵانی 2020 و 2023، بەراورد کراون، بۆ ئەوەی دەرفەتی بەراوردکردن و ناسینەوەی گۆڕانکارییەکان بڕەخسێت.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە چەند خاڵێکی سەرنجڕاکێشیان تێدایە، بەڵام ئەوەی زیاترین سەرنج ڕادەکێشێت، وەڵامی گەنجانە بە پرسیارەکانی پەیوەست بە ناسنامە و ئاییندارییە.
بەپێی ئەنجامەکان، 21.5 لە سەدی بەشداربووان خۆیان بە ئاتاتورکیست ناساندووە، 18.3 لە سەدی خۆیان بە نەتەوەپەرست، و 9.5 لە سەدی بە ئیسلامگەرا یان ئاییندار. دوای ئەمانەش، لیبراڵەکان بە ڕێژەی 8.2 لە سەد و پارێزکارەکان بە 8 لە سەد دێن.
ڕێژەی ئەوانەی خۆیان بە سێکولار دەزانن 2.9 لە سەدە، نەتەوەپەرستە کوردەکان 2.5 لە سەد، سۆسیالدیموکراتەکان 1.7 لە سەد، سۆسیالیستەکان 1.5 لە سەد و کەمالیستەکانیش 1.2 لە سەدە.
بەڵام گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە 24.7 لە سەدی گەنجان ڕایانگەیاندووە هیچکام لەم چەمک و پێناسە ئایدیۆلۆژییانە ناسنامەی ئەوان دەرناخات.
کۆی ئەو گەنجانەی خۆیان بە ئاتاتورکیست، سێکولار یان کەمالیست دەزانن، تەنها 25.6 لە سەدە. ئەم ڕێژەیە بە پێی نووسەری وتارەکە زۆر نزمە.
دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە تا کۆتایی خوێندنی زانکۆ، ئەم چەمک و نیشانانە بەردەوام لەبەردەم منداڵان و گەنجاندا دەخرێنەڕوو.
گەنجی تورک لە ماڵێکەوە دەردەچێت کە لە شەقامێکی بە ناو ئاتاتورکدایە، بە تەنیشت پەیکەری ئاتاتورکدا تێدەپەڕێت، دەچێتە قوتابخانەیەک کە ناوی ئاتاتورکی لێنراوە و لە پۆلێکدا دادەنیشێت کە وێنەی ئاتاتورک لەسەر دیوارەکەیەتی.
کتێبەکانی خوێندن بە وێنەی ئاتاتورک دەست پێدەکەن، لە وانەی بیرکاریدا دەربارەی حەزی ئەو بۆ بیرکاری دەخوێنێتەوە و بە گۆرانیی مارشی دەیەمین ساڵ دەچێتە پشوو.
لە میدیاکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دراوی نیشتمانی، بینا حکومییەکان، هۆڵەکان و بۆنە فەرمییەکانیشدا بەردەوام ڕووبەڕووی هێما و نیشانەکانی ئاتاتورک دەبێتەوە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم ئاستە لە پەروەردە و ئامادەبوونی هێماییە، تەنها یەک لە چوار گەنج خۆی بە ئاتاتورک دەناسێنێت.
ئەم ئەنجامە، لە ڕاستیدا دەربڕینی ناڕەزایی گەنجانە لە پرۆسەی لەقاڵبدانی ناسنامە؛ پرۆسەیەک کە سەرەڕای ئەو هەموو تێچوو و وزەیەی بۆ خەرج کراوە، نەیتوانیوە ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنێت کە چاوەڕوانی لێدەکرێت.
ئایینداری؛ وێنەیەکی جیاواز و هیوابەخشتر
بەڵام لە بابەتی ئایینداریدا، وێنەیەکی جیاواز و هیوابەخشتر دەردەکەوێت. بەپێی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، 13.8 لە سەدی گەنجان خۆیان بە زۆر ئاییندار و 37.8 لە سەدیش بە ئاییندار ناساندووە. بەمەش، کۆی ئەو دوو گرووپە دەگاتە 51.6 لە سەدی گەنجانی تورکیا.
لە بەرامبەردا، 39.2 لە سەدیان وتوویانە نە ئاییندارن و نە بێئایین، 6.2 لە سەدی خۆیان بە بێئایین و 3.9 لە سەدیش بە تەواوی بێئایین ناساندووە. ئەم ڕێژە و ڕیزبەندیی گرووپانەش جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ ئەنجامەکانی ساڵانی 2020 و 2023 نییە.
ئەو ئەنجامەی من لە کۆی ئەم داتایانەوە دەری دەهێنم، ئەوەیە کە هەڵسەنگاندن بۆ گەنجان بە پشتبەستن بەو نموونە نەرێنییانەی لە شەقام و شوێنە گشتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینرێن، دەتوانێت مرۆڤ تووشی هەڵە بکات.
بەشێکی گەورەی نەوەی گەنج هەن کە نایانبینین؛ ئەو گەنجانەی کەمتر خۆیان دەردەخەن، بەڵام ڕێگایەکی ئەرێنی دەگرنەبەر و هێشتا هیوابەخشن.
زیاتر لە نیوەی گەنجان، سەرەڕای ئەو فشارە ئایدیۆلۆژی و کولتوورییانەی لە ناوخۆ و دەرەوە دەخرێنە سەریان، ناسنامە و بەها و ڕەگ و ڕیشەکانی خۆیان پاراستووە.
ئەم فشارانە پشتگیریی داراییی فراوانیان لە پشتە و بە یارمەتیی میدیا، ڕێکخراوەکان، کەسایەتییە ناسراوەکان، ئینفلوێنسەرەکان، هونەرمەندان، گۆرانیبێژان و ئەو کەسانەی وەک نموونەی کولتووری پێشکەش دەکرێن، بەردەوام دەبن.
نابێت تەنها سەرنجمان لەسەر نیوەی بەتاڵی پەرداخەکە بێت. سەدەیەکە هەوڵ و توانایەکی زۆر بۆ بەتاڵکردنی ئەم پەرداخە خەرج دەکرێت؛ بەڵام سەرەڕای ئەوەش، نیوە پڕەکەی هێشتا بەسەر نیوە بەتاڵەکەدا زاڵە.
بۆیە هیچ هۆکارێک نییە کە بە بینینی بارودۆخی گەنجانی تورکیا خەمبار بین و بپرسین: ئەم نەوەیە بەرەو کوێ دەڕوات؟
گەنجان لەسەر ڕێگایەکی دروستدا دەڕۆن. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم ڕێگایە بەرەو دۆخێکی باشتر بەردەوام بێت، نابێت تووشی لووتبەرزی و دڵنیاییی بێهۆکار ببین. پێویستە بە ئیرادە، هەوڵ و قوربانیدان، وەبەرهێنانی زیاتر لە نەوەی گەنج بکەین.
تێبینی
ڕۆژنامەی ینی شەفق یەکێکە لەو میدیایانەی کە لە ڕووی سیاسی و فکرییەوە نزیکە لە پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و ڕەوتی پارێزگار و ئیسلامگەرای تورکیا. بۆیە، شیکاریی ئایدین ئۆنال لە ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە دەبێت لە چوارچێوەی ئاراستەی سیاسی و فکریی ئەم ڕۆژنامەیەدا هەڵبسەنگێندرێت.