شارپرێس:
لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق
ئاشکرایکرد، تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوت ملیاران دۆلار زیانیان بەخەزێنەی دەوڵەت گەیاندوەو
تەنها لەناوچەی ڕەبیعە، ڕۆژانە لەنێوان پێنج بۆ 10 هەزار بەرمیل نەوت بەقاچاخ دەبرێت،
لەکاتێکدا پاراستنی تەواوی بۆرییەکانی عێراق تەنها پێویستی بە 200 ملیۆن دۆلار هەیە.
یوسف کلابی ئەندامی لیژنەی داراییو ئەندامی
لیژنەی فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە (198) کە تایبەتە بەلێکۆڵینەوە لەقاچاخچێتیی نەوت،
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، وردەکاریی دزییەکانو کەمتەرخەمییەکانی
ساڵانی ڕابردوی ئاشكراكردوه.
کلابی ڕایگەیاند، "عێراق خاوەنی
10 هەزار کیلۆمەتر بۆریی گواستنەوەی نەوتە، ئەگەر حکومەت بیەوێت هەستەوەری ئەلیکترۆنی
(حساسات) لەسەر تەواوی ئەو بۆرییانە دابنێت بۆ ڕێگریکردن لەکونکردنو دزینی نەوت،
کۆی تێچوەکەی ناگاتە 350 ملیار دینار، واتە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار".
ئەو پەرلەمانتارە بەسەرسوڕمانەوە پرسیویهتى،
"بەهای 200 ملیۆن دۆلار چییە لەبەرامبەر ئەو پرۆسانەی قاچاخچێتی کە زیانەکانیان
بەملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت؟".
کلابی ئاشکرایکردوه، هەر لەساڵی 2019وە
پێشنیازی دانانی هەستەوەر لەسەر بۆرییەکان خراوەتەڕوو، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنی ڕاسپاردەکانو
خستنەئەستۆی بەرپرسیارێتی بۆسەر یەکتر، تائێستا جێبەجێنەکراوە.
ناوبراو پەنجەی خستەسەر دۆسیەیەکی مەترسیدار
لەباکوری ڕۆژئاوای عێراقو ئاشکرایکردوه، تەنها لەناوچەی ڕەبیعە ڕۆژانە لەنێوان پێنج
بۆ 10 هەزار بەرمیل نەوت بەقاچاخ دەبرێتو دەدزرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوەى پهرلهمان
ئاماژەی بەبڕیارەکەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد بۆ دورخستنەوەی بەڕێوەبەری
گشتیی کۆمپانیای بۆرییە نەوتییەکانو کۆمەڵێک بەرپرسی دیکە (لەسەر دۆسیەی جورف ئەلسەخر)و
بەهەنگاوێکی باش وەسفیکرد.
کلابی جەختیکردەوە، لیژنەکەیان پشتیوانیی
تەواوی هەوڵەکانی حکومەت دەکات بۆ بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتیو دوپاتیکردەوە، مایەی
دڵخۆشییە حکومەتی ئێستا بڕیارو ڕاسپاردەکانی پهرلهمانى عێراق دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم لێدوانانەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان
لەکاتێکدان، جگە لەجورف ئەلسەخر لەباکوری بابلو ڕەبیعە لەنەینەوا، ڕاپۆرتە ئەمنیو
هەواڵگرییەکانی عێراق پەنجە بۆ چەندین ناوچەی دیکە درێژدەکەن کە تۆڕەکانی قاچاخچێتیی
نەوت تێیاندا چالاکن؛ دیارترینیان سنوری زوبێرو بەندەرەکانی بەسرە لەباشور، ناوچەکانی
حەویجەى کەرکوکو بێجی لەباکورو ناوەڕاستو دهروازهكانى ههرێمى كوردستانو هەروەها
ڕێڕەوی گواستنەوەی تانکەرەکان لەپارێزگای دیالە بەرەو دەروازە سنورییەکان کە بەهۆی
لاوازیی چاودێریی ئەلیکترۆنییەوە ساڵانە زیانێکی گەورە بەداهاتی گشتیی عێراق دەگەیەنن.
