شارپرێس:
دەنگۆی کاندیدکردنی سیناتۆر (کریس ڤان هۆڵن) بۆ سەرۆکایەتیی دیموکراتەکان لەئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، سەرنجی ناوەندە سیاسییەکانی کوردستانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە؛ ناوبراو بەیەکێک لەدیارترین دۆستو بەرگریکارانی کورد لەکۆنگرێسی ئەمریکا دادەنرێت کە لەقۆناغە هەرە هەستیارەکاندا پشتیوانیی لەهێزە کوردییەکان کردوە، بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی میدیای ئەمریکى بڵاویكردوهتهوه، عەبدول سەید سیناتۆری هەڵبژێردراو داوایكردوه، سیناتۆر کریس ڤان هۆڵن کاندید بكرێت بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی دیموکراتەکان لەئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا (Senate Democratic Leader) وەربگرێت.
عەبدول سەید نوێنەرایەتیی دەنگدەرانی میشیگانو باڵی پێشکەوتنخوازی دیموکراتەکان دەکات کە ڕەخنەی توندیان لەسیاسەتەکانی پێشوی سەرکردایەتیی دیموکراتەکان هەبوو لەبەرامبەر جەنگی غەززە، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤو مامەڵەکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکاندا، کریس ڤان هۆڵنیش لەناو ئەنجومەنی پیراندا بەیەکێک لەدیارترین ئەو سیناتۆرانە ناسراوە کە بوێرانە دژی جەنگو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ (چ لەفەڵەستین و چ بەرامبەر کورد لەڕۆژئاوای کوردستان) وەستاوەتەوە.
دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا، باڵی گەنجو پێشکەوتنخوازی ناو پارتی دیموکرات دەیانەوێت کەسایەتییەکی بوێرترو چالاکتر وەک کریس ڤان هۆڵن سەرکردایەتیی دیموکراتەکان لەئەنجومەنی پیران بکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سیاسەتەکانی ترەمپ.
ناوی تەواوی (کریستۆفەر ڤان هۆڵن)ەو لە10ى کانونی دوەمی 1959 لەشاری کەراچیی پاکستان (بەهۆی ئەوەی باوکی دیپلۆماتکاری ئەمریکی بوە) لەدایکبوە، دەرچوی زانکۆی هارڤاردە لەبواری سیاسەتی گشتییو هەروەها بڕوانامەی دکتۆرای لەیاسا (J.D) لەزانکۆی جۆرج تاون بەدەستهێناوە، لەساڵی 2003 تا 2017 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بوەو لەساڵی 2017وە تائێستا وەک سیناتۆری ویلایەتی مێریلاند لەئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا کاردەکات، هاوکات ئەندامێکی کاراو کاریگەری لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو لیژنەی بودجەیە لەئەنجومەنی پیران.
هەرچەندە کریس ڤان هۆڵن بەشێوەیەکی گشتیی دۆستی پرسی کورد بوە، بەڵام زۆرترینو بەهێزترین پشتیوانییەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستانو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بوە کە دیارترینیان بریتین لهپشتیوانیهكان بۆ ئهو هێزه كوردیه لهبارودۆخهكانى وهك (هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر سەرێکانیو گرێ سپی لهتشرینی یەکەمی 2019 کاتێک ئیدارەی پێشوی ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لەڕۆژئاواى كوردستان دا، دواتر تورکیا هێرشیکردەسەر ئهو بهشهى کوردستان، لهوكاتهدا ڤان هۆڵن وەک یەکەمو توندترین دەنگ لەکۆنگرێس هاتەدەنگ".
ههروهها ڤان هۆڵن بەهاوبەشی لەگەڵ سیناتۆر لیندزی گراهام پڕۆژەیاسای سەپاندنی سزای ئابوریی توندی بەسەر تورکیاو ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا ئامادەکردو وتی، "کوردەکان هاوپەیمانی سەرەکیی ئێمە بون لەتێکشکاندنی داعشو نابێت پشتیان تێبکەین، ههروهها لههێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان لهساڵانى 2022و 2023دا ئهو دهنگى ناڕهزایى بهرزكردهوه، لەکاتی بۆردومانکردنی وێستگەکانی کارەبا، نەوتو ژێرخانی ئابوریی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە، ڤان هۆڵن چەندینجار نامەی فەرمیی ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەو پێنتاگۆن کردو داوایکرد، واشنتۆن فشاربخاتەسەر ئەنكەرە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، چونکە مەترسی لەسەر سەرهەڵدانەوەی داعش دروستدەکەن".
هاوكات لەدوای گۆڕانکارییەکانی سوریاو لەکاتی هێرشەکانی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقو گروپە چەکدارەکان بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوراتو هێزەکانی هەسەدە، ڤان هۆڵن پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی ئەنجامداو لەکۆنگرێسیش فشاری کرد بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانو پاراستنی قەوارەی ڕۆژئاوای کوردستانو سزادانی تێوەگلاوانی ئەو هێرشانە، جگە لەڕۆژئاوا، ڤان هۆڵن لەبودجەی ساڵانەی بەرگریی ئەمریکادا (NDAA) بەردەوام دەنگیداوە بەبەردەوامبونی هاوکارییە داراییو سەربازییەکانی پێنتاگۆن بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
