شارپرێس:
هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پەرلەمانیی پارتەكەیدا لەپەرلەمانی توركیا ڕایگەیاند، ئۆجالان لە پێناو پەرەدان بە هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی جێگەكەی لە دوورگەی ئیمراڵی گۆڕیوە و بە بەهێزكردنی سكرتارێتییەكەی ئێستا لە جێگە نوێیەكەیدایە.
تونجەر باكرهان ڕونیكردەوە "پرۆسەكە بە ئیرادەیەكی گەورە بەردەوامە. ئەم پرۆسەیە وەك بونیاتنانی ژیانی هاوبەش دەبینین. لە جێبەجێكردنی ئاشتیدا شتی هەڵە دواخستنە. ناسەقامگیری لە دژی دیموكراسییە. بەڕێوەبەریی تەڤگەر هەڵوێستی خۆی بە ئیرادەیەكی كۆنكرێتی نیشان دا. وتیان، ئیرادەیان بۆ چارەسەری نەگۆڕە و ئەگەر دەوڵەت هەنگاوە پێویستەكان بنێت ئەوا ئەوان ئامادەن. پرۆسەكە لە چوار قۆناغ پێك دێت."
باكرهان دەشڵێـت "قۆناغی یەكەم كۆتاییهاتن بە شەڕ بوو. ئەمە بەدیهات. ئەوی تریان دانوستانە و ئەمەش بەدی دێت. ئەوی تریش چوارچێوەی یاساییە. ئەمەش سەرەڕای كەموكوڕی و ناتەواوییەكان بەدیهات و تێیداین. ئەوی تریش دیموكراتیكبوونە و ئەمەش لە پێشمانە."
وتیشی "ئۆجالان ڕۆشتە شوێنی نوێی لە دوورگەی ئیمراڵیی. لە هەلومەرجی كاركردنی بەڕێزیاندا گۆڕانكاری كرا و سكرتارێتییەكەی بەهێز كرا. ئێمە بۆ یەكەم جارە ئەم زانیارییانە بڵاودەكەینەوە."
