شارپرێس:
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی توندی ئاڕاستەی نەیارانی قەوارەی هەرێم کردو جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک دابەشناکرێت؛ هاوکات هەوڵەکانی جیاکردنەوەی سلێمانیی بە"خیانەت لەدەستکەوتی شەهیدان" ناوبردو دەستخۆشیی لەدانیشتوانی سلێمانیو هەڵەبجەش کرد کە "دژی ئەو پیلانە هاتونەتە دەنگ".
ئەم پەیامانەی مەسرور بارزانی ئەمڕۆ لەمیانی ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی گەشتیاریی (مۆڤێنپیک - گۆمەسپان) لەهەولێرو کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندران، تێیدا تیشکیخستەسەر دۆخی سیاسیی هەرێمو هەوڵەکانی لاوازکردنی قەوارەی کوردستان.
بارزانى ڕایگەیاند، "ئەو هەڵمەتەی بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی دەستیپێکردوە خیانەتە لەدەستکەوتی شەهیدانو ئەزمونی هەرێمی کوردستان، جەختدهكهینهوه کە تێکدانی قەوارەی هەرێم لای هیچ کەسێک قبوڵکراو نییە".
سهرۆك وهزیرانى ههرێم وتى، "خۆشحاڵم بەهاتنەدەنگی خەڵکی دڵسۆزو خۆشەویستی سلێمانیو هەڵەبجە کە دژی ئەو هەڵمەتە وەستاونەتەوە؛ داواش لەتەواوی خەڵکی کوردستان دهكهم بەیەکڕیزی دژی هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە بوەستنەوە".
جهختیكردهوه، "بەهەموو توانای خۆمانەوە کاردەکەین بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانو بەدەنگی بەرز دهڵێین، هەرێمی کوردستان دابەشناکرێت".
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لایەن دژی هەوڵەکانی حکومەت دەوەستنەوەو نایانەوێت هەرێمی کوردستان بەهێزبێت.
مەسرور بارزانی ڕەخنەی توندی لەو لایەنانە گرت کە پێشتر داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیان دەکرد، کەچی ئێستا سکاڵای یاساییان لەدژی کاراکردنەوەی پەرلەمان تۆمارکردوە.
