شارپرێس:
بهگوێرهى دوو نوسراوی فەرمیو نهێنی کە دزەیان پێکراوە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەفەرمی بڕیاریدا بەگۆڕینی هێزەکانی سنوری جورف سەخرو دابەشکردنی ناوچەکە بەسەر یەکە هاوبەشەکانی سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبیو پۆلیسی وزەدا.
بهگوێرهى ناوەڕۆکی ئەو دوو نوسراوە فەرمییە کە لەنێوان دەستەی حەشدی شەعبیو نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا ئاڵوگۆڕکراون، وردەکاریی بڕیارەکەو دابەشکردنی هێزەکان بەمشێوەیەن:
لەیەکەم نوسراودا کە ژمارە (26/7842)ی لەسەرەو بەواژۆی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە، پێشنیازکراوە کە سنوری جورف سهخر لەلایەن هێزەکانی سەر بەدەستەی حەشدی شەعبی (لیوای 72، لیوای 79و فەوجی هێزە تایبەتەکان) بگیرێتە دەستو پاراستنی بۆریی نەوتی ناوچەکەش بدرێتە دەست پۆلیسی وزە.
لەوەڵامی ئەو پێشنیازەدا، نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەنوسراوێکی «نهێنی» (ژمارە 1257) کە واژۆی فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر کامل شەمەریی لەسەرە، ڕەزامەندیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕاگەیاندوە لەسەر گۆڕینی هێزەکانو دابەشکردنی ناوچەکە بەسەر حەوت خاڵی سەرەکیدا بهمشێوهیه:
ـ سوپای عێراق ـ وەزارەتی بەرگریی: لیوای 38ی پیادەی فیرقەی 10، ئەرکی پاراستنی ناوچەکە دەگرێتە ئەستۆ لەساترەکانی (یاحسێن)ەوە تاوەکو چوارڕیانی (فازڵییە) لەسنوری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار.
ـ پۆلیسی فیدراڵی وەزارەتی ناوخۆ: لیوای 17ی پۆلیس، ئەرکی پاراستنی سەنتەری ناحیەی جورف سهخر دەگرێتە ئەستۆ لەڕوباری فوراتەوە لەڕۆژهەڵات تا ڕێگهی (موسەیب – فازڵییە) لەڕۆژئاوا.
ـ حەشدی شەعبی: لیوای 72و لیوای 79ی حەشدی شەعبی، ناوچەکە دەگرنە دەست لەڕێگهی (موسەیب – فازڵییە) لەڕۆژهەڵاتەوە تا سنوری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا.
ـ پۆلیسی وزە: فەوجێکی پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنو کۆنترۆڵکردنی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت دەگرێتە ئەستۆ.
ـ کردنەوەی بازگەی نوێ: بازگەیەک بۆ پۆلیسی بابل لەچوارڕیانی فازڵییە بەرەو موسەیبو بازگەیەک بۆ پۆلیسی ئەنبار بەرەو عامرییەی فەلوجە دەکرێتەوە.
ـ کردنەوەی ڕێگه سەرەکییەکە: ڕێگهی ستراتیژیی (موسەیب – بەهبەهانی – چوارڕیانی فازڵییە – عامرییەی فەلوجە) بەڕوی هاوڵاتییاندا دەکرێتەوە.
ـ هێزی یەدەگی دژەتیرۆر: فەوجی دژەتیرۆری جێگیرکراو لەسەربازگەی (حامییە) وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەناوچەکەدا دەمێنێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر حاڵەتێکی نائاساییدا.

