هاوپەیمانی هێزەكانی ڕۆژهەڵات پشتیوانی بۆ خۆپیشاندانەكانی ئاودانان دەربڕی

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 242 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا پشتیوانی بۆ خۆپیشاندانەكانی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەربڕی.

لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "هاوپەیمانیی كوردستانی، داوا لە خەڵكی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات بە هەر شێوەیەك بۆیان دەكرێت، پاڵپشتیی و هاودەنگیی بۆ دانیشتوانی ئاودانان دەرببڕن. داوا لە ڕێكخراوە مەدەنییەكان و كۆڕ و كۆمەڵەكانی مافی مرۆڤ  و میدیاكان دەكەین،  لەكاتێكدا تاران بە راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت، بە تەمای خنكاندنی هاواری ڕۆڵەكانی نیشتمانەكەمانە، چاو و سەرنجیان لەسەر ئاودانان و ڕووداوەكانی بێت".

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
"دوێنێ سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٦ (١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) خەڵكی تێكۆشەری ئاودانان، دژی سیستەم و كاربەدەستانی گەندەڵ و بۆ ڕەتكردنەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هاتنە سەر شەقامەكان و بە دروشمەكانیان جارێكی دیكە دەسەڵات و شەرعییەتی ئەو ڕژێمە داگیركەرەیان ڕەت كردەوە.
ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە دوای كارەساتی وەرگەڕانی پاسێك لە ئاودانان سەریهەڵدا كە لەبەر خراپیی ڕێگاوبان و نەبوونی خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی پێویست؛ بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی۱۳ ئەندازیار و كرێكاری پیشەسازیی نەوت و برینداربوونی ١٧ كەسی دیكە.
ئەم ڕووداوە كارەساتبارە جارێكی دیكە نەبوونی فریاگوزاریی، ستانداردنەبوونی ڕێگاكانی هاتوچۆ و نابەرپرسایەتیی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی كردەوە بە پرسێكی جێی سەرنج و شەپۆلێكی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی لەنێو خەڵكی ئاوداناندا ورووژاند. لەگەڵ ئەوەشدا، ناڕەزایەتییەكانی دوێنێی ئاودانان تەنها لە داواكاریی لێپرسینەوە سەبارەت بەم كارەساتەدا قەتیس نەمایەوە و بەخێرایی دەنگ و ڕەنگیی سیاسی و دژەحكومەتیی بەخۆوە گرت.
خەڵكی ئازا و چاونەترسی ئاودانان خاوەندارێتییان لە قوربانییانی ئەو كارەساتە كرد و دژی دەسەڵاتی توتالیتار و داگیركەری كۆماری ئیسلامیی دەنگیان هەڵبڕی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە تەنها كاردانەوە بەرانبەر بەو رووداوە كارەساتبارە و نەبوونی خزمەتگوزاریی ڕێگاوبان نەبوو؛ بەڵكوو ئەڵقەیەكە لە زنجیرەی خەبات و ڕابوونی نەتەوەیی كوردستان و دەمارەكانی بۆ كۆمەڵێك پرس و قەیرانی كەڵەكەبووی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووریی و ئاسایشیی دەگەڕێتەوە. هەروەها دیمەنێكی دیكە پێشەنگایەتیی كوردستان لە ڕەتكردنەوە و خەبات دژی دیكتاتۆری و سەرەڕۆیی و نادادپەروەریی پێشان دەدا.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی دوێنێی دانیشتوانی ئاودانان، وەك هەمیشە لەلایان هێزە ئەمنییەكانەوە بە پەلامار و گرتن و لێدان و بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و پچڕاندنی هێڵەكانی ئەنتەرنێت،  هەوڵی سەركوت ودامركاندنەوەی درا. هەمان ئەو ئامرازانەی كە نە ڕژێمی لە قەیرانەكان رزگار كردوە و نە خەڵكی كوردستانی بەچۆكدا هێناوە.
كوردستانییان بە پانتایی نیشتمان ئەو راستییەیان ئەزموون كردووە كە تاران سەرچاوەی هەموو قەیرانەكان و تێكڕای ئەو هەڕەشانەیە كە لە سەر ژیان و ئاسایشیانە. هاوكات لەوەش تێگەیشتوون كە لە چوارچێوەی ئەم ڕژێم و دەسەڵاتدا، هیچ ئاسۆیەكی ڕوون بۆ چاكسازیی و كۆتاییهاتن بە مەینەتەكان بەدیی ناكرێت. هەر بۆیە دەنگ هەڵبڕین دژ بە ڕێگاوبانی سەقەت و دژ بە بەڕێوەبەرانی گەندەڵ، بەخێرایی بۆ نیشانە گرتن لە كۆی ڕژێم سەركەوت.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، وێڕای سەرەخۆشیی لە كەسوكاری قوربانییانی كارەساتەكەی ئاودانان، پشتیوانیی خۆی لە هاتنە سەرشەقام و دەنگهەڵبڕینی خەڵكی تازییەباری  ئاودانان دەردەبڕێ.
هاوپەیمانیی كوردستانی ، داوا لە خەڵكی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات بە هەر شێوەیەك بۆیان دەكرێ، پاڵپشتیی و هاودەنگیی بۆ دانیشتوانی ئاودانان دەرببڕن. داوا لە ڕێكخراوە مەدەنییەكان و كۆڕ و كۆمەڵەكانی مافی مرۆڤ  و میدیاكان دەكەین،  لەكاتێكدا تاران بە راگرتنی هێڵی ئینترنێت، بە تەمای خنكاندنی هاواری ڕۆڵەكانی نیشتمانەكەمانە، چاو و سەرنجیان لەسەر ئاودانان و ڕووداوەكانی بێت".