شارپرێس:
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەدوو بڕیاری یەکلاکەرەوەدا سەرجەم هەوڵەکانی دژی کارەکانی پەرلەمانی کوردستانی ڕهتكردهوه؛ دادگاکە هەم سکاڵای نادەستوریبونی خولی شەشەمی پەرلەمانی ڕەتکردەوەو هەم داواکارییەکی بەپەلەشی بۆ ڕاگرتنی بڕیارەکانی دانیشتنەکەی ڕۆژی 4ی ئەم مانگەی پەرلەمان قبوڵنەکرد.
بهگوێرهى دوو ڕاگەیەندراوی فەرمیی ڕاگەیاندنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە بەسەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێنو ئامادەبونی سەرجەم دادوەران دەرچون، وردەکاریی هەردوو بڕیارەکە بەمشێوەیەن:
بڕیاری یەکەم: ڕەتکردنەوەی سکاڵای دژی بەردەوامبونی خولی شەشەم
دادگای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵای ژمارە (211/فیدراڵی/2026)ی کرد کە لەلایەن پەرلەمانتارێکی هەرێمەوە دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوو و تێیدا داوای کردبوو بەردەوامبونی خولی شەشەمی پەرلەمان بەنادەستوری بناسێنرێت.
لهبارهى هۆکاری ڕەتکردنەوەش، دادگاکە ڕونیکردوهتهوه، بهگوێرهى مادەی (93/ یەکەم)ی دەستوری عێراق، چاودێریی دەستوریی دادگا تەنها یاساو پەیڕەوە کارپێکراوەکان دەگرێتەوەو چاودێریکردنی بەردەوامبونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە؛ بۆیە بەکۆی دەنگ سکاڵاکەی بەهۆی (نەبوونی تایبەتمەندی) ڕەتکردەوە.
بڕیاری دوەم: ڕەتکردنەوەی فەرمانی سالاری (ئەمری وەلائی) بۆ ڕاگرتنی دانیشتنی پەرلەمان
لەدۆسیەی دوەمدا کە ژمارە (264/فیدراڵی/ئەمری وەلائی/2026)ە، داواکرابوو دادگای فیدراڵی فەرمانێکی سالاری دەربکات بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سەرجەم لێکەوتە، ڕێکارو بڕیارەکانی دانیشتنەکەی ڕۆژی 4ی تشرینی دوەمی 2026ی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو سکاڵای تایبەت بەتانەدان لەو دانیشتنە یەکلادەبێتەوە.
سهبارهت بههۆکاری ڕەتکردنەوەكهش، دادگای باڵای فیدراڵی داواکارییەکەی ڕەتکردەوە بەهۆی نەبونی مەرجە یاساییەکانی دەرکردنی فەرمانی سالاری بهگوێرهى مادەی (151)ی یاسای دادبینیی مەدەنی، بەتایبەت بەهۆی نەبونی سیفەتی بەپەلەیی (الاستعجال)و دەستنەبردن بۆ بنەڕەتی مافەکە.
دادگای فیدراڵی لەکۆتایی هەردوو ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیکردوەتەوە، بهگوێرهى مادەی (94)ی دەستور، بڕیارەکانی بنبڕنو سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەند دەکەن.
