سەرکەوتنی دیموکراتەکان.. ئایا هەڕەشە لەهاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی عەرەبی دەکات؟

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2013 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆنترۆڵکردنی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس لەلایەن دیموکراتەکانەوە مەترسی خستوەتەسەر هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی عەرەبی؛ نەوەیەکی نوێی سیناتۆرەکان بەسەرۆکایەتیی عەبدول سەید، داوای ڕاگرتنی پارەدارکردنی سوپاکانی (میسر، سعودیە، ئوردن‌و ئیسرائیل) دەکەن.


سەرکەوتنی پارتی دیموکرات بەزۆرینەی دەنگ لەهەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەمریکا لەهەڵبژاردنەکانی 3ى ئه‌م مانگه‌دا، دەرگای گفتوگۆی لەسەر داهاتوی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا کردوەتەوە، ئەمەش لەسایەی بەرزبونەوەی دەنگی نەوەیەکی نوێ لەیاسادانەران دێت کە گومانیان لەسودی ئەم پشتیوانییانە هەیە، نەک تەنها بۆ ئیسرائیل، بەڵکو بۆ میسر، سعودیە، ئوردن‌و پاکستانیش.

عەبدول سەید سیناتۆری هەڵبژێردراوی ویلایەتی میشیگان‌و یەکەم موسڵمان کە بۆ ئەندامێتیی ئەنجومەنی پیران هەڵبژێردراوە، یەکێکبوو لەدیارترین ئەوکەسانەی ئەم هەڵوێستەیان خستوەتەڕوو.

سەید لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی (NPR) وتویه‌تى، "چ پەیوەندیی بەئیسرائیلەوە هەبێت یان میسر، سعودیە، ئوردن یاخود پاکستان، پێموانییە هیچکام لەئێمە باج بدات بۆ ئەوەی سوپای وڵاتانی بیانی پێ پارەدار بکرێت".

دیموکراتەکان توانییان هەشت کورسی لەئەنجومەنی پیران بەدەستبهێنن‌و زۆرینەی 55 کورسی مسۆگەربکەن، هەروەها کۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانیشیان گەڕاندەوە، بەمەش کۆتاییان بەباڵادەستیی کۆمارییەکان هێنا لەهەردوو ژورەکەی کۆنگرێسدا لەنیوەی دوەمی ویلایەتی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، لەکاتێکدا هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پیران لەویلایەتی ئالاسکا یەکلانەبوەتەوە.

ئەمساڵ زیاتر لە100 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگیاندا لەبەرژەوەندیی هەموارێک کە لەلایەن پەرلەمانتار (تۆماس ماسی)یەوە پێشکەشکرابوو بۆ ڕاگرتنی سەرجەم هاوکارییەکان بۆ ئیسرائیل لەچوارچێوەی بەرنامەی پارەدارکردنی سەربازیی دەرەکیدا؛ هاوکات پڕۆژەیاسای قەدەغەکردنی بۆمبەکان تائێستا پشتیوانیی 81 پەرلەمانتاری بەدەستهێناوە.

حەسەن تەیب بەڕێوەبەری کاروباری یاسادانان بۆ سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلیژنەی دۆستان بۆ یاسادانانی نیشتمانی ڕایگەیاندوه‌، پێشبینیدەکات دیموکراتەکان لەسەرەتای ساڵی داهاتودا پڕۆژەیاسا پێشکەشبکەن کە هاوکارییەکان بەمەرجەوە دەبەستنەوە، کۆتوبەند دەخەنەسەر فرۆشتنی چەک‌و ڕەنگە هەوڵی کۆتاییهێنانی قۆناغ بەقۆناغی بەرنامەی پارەدارکردنی سەربازیی دەرەکیش بدەن.

پێشتریش ترەمپ لەڕۆژى سێى ئه‌م مانگه‌دا نیازی خۆی ڕاگەیاندبوو بۆ ڕاگرتنی نزیکەی چوار ملیار دۆلار لەهاوکارییە سەربازییە ساڵانەکانی ئیسرائیل کە هەنگاوێک بوو عەبدول سەید پشتیوانیی لێکرد، بەڵام تەیب دەڵێت، "سنوردارکردنی فرۆشتنی چەک بەسعودیە ئەو بوارەیە کە گەورەترین گوڕوتینی تێدایە.

لەئێستاوە لەناو کۆنگرێسدا پڕۆژەبڕیاری هاوبەش هەن بۆ ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنی هاوکاریی ئەتۆمیی مەدەنی لەنێوان ئەمریکاو سعودیە، هەروەها گرێبەستەکانی گواستنەوەی چەک بۆ ئەو وڵاتە، ناوبراو وتیشی، "پێموایە دەرفەتێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بڕیارانە لەئەنجومەنی پیران، ئەگەرچی مەرج نییە بەزۆرینەیەکی ئەووتۆ بێت کە بتوانێت ڤیتۆی سەرۆک تێپەڕێنێت".

هاوکات گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی (F-35) بەسعودیە کە بەهاکەی 24.3 ملیار دۆلارە، هێشتا لەژێر وردبینیی کۆنگرێسدایەو ڕیازیش تائێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی لەسەر سەرکەوتنی دیموکراتەکان لەهەڵبژاردنە نیوەییەکاندا بڵاونەکردوەتەوە.

هەروەها هەردوو پەرلەمانتار ڕۆ خاناو تۆماس ماسی، پڕۆژەبڕیارێکی نوێیان سەبارەت بەدەسەڵاتەکانی جەنگ لەیەمەن ئامادەکردوە بۆ ئەوەی پێش دەستبەکاربونی کۆنگرێسی نوێ بخرێتە دەنگدانەوە، تەیب ئاماژەی بەوەشکردوه‌، "تەنانەت ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسەندیش نەکرێت، سەپاندنی دەنگدان‌و هەڵگیرساندنی گفتوگۆکان کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ئاڕاستەکردنی سیاسەتەکان دەبێت، هاوشێوەی فشارەکانی ساڵی 2018و 2019 کە ڕێگەیان بۆ ئاگربەستی حودەیدە خۆشکرد".

سەرکەوتنی عەبدول سەید کاردانەوەی جیاوازی لەمیسر لێکەوتەوە کە وڵاتی ڕەسەنی خۆیەتی، کۆنگرێس پێشتر ڕەزامەندیدابوو لەسەر پێدانی 1.375 ملیار دۆلار بەمیسر لەچوارچێوەی پارەدارکردنی سەربازیی بۆ ساڵی دارایی 2026 کە 320 ملیۆن دۆلاری بەستراوەتەوە بەمەرجەکانی مافی مرۆڤەوە.

سەمیر ڕاغب سەرۆکی دامەزراوەی عەرەبی بۆ گەشەپێدان‌و لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان دەڵێت، "قاهیرە بەوریاییەوە دەڕوانێتە سیناتۆرە هەڵبژێردراوەکە، نە وەک دوژمن دەیبینین‌و نە وەک دۆست".

ئەو جەختیکردەوە، "میسر بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادەیە، سەبارەت بەهاوکارییەکان‌و ڕەنگە ڕوو لەدابینکەرانی چینی‌و ڕوسی بکات ئەگەر واشنتۆن پشتیوانییە سەربازییەکانی کەمبکاتەوە"، بەڵام تەیب ئەم بۆچونەی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، "ئەم سوپایانە تاڕادەیەکی زۆر تێکەڵ بەسوپای ئێمە (ئەمریکا) بون‌و پشت بەچەکی ئەمریکی، هەواڵگریی، پارچەی یەدەگ‌و چاککردنەوە لەئەمریکاوە دەبەستن، هەروەها سیستەمەکانیان بەکردەوە تەنها بەو کەرەستانە کاردەکەن کە واشنتۆن دابینیان دەکات".

لەگەڵ ئەوەشدا، هاوبەشە هەرێمییەکان پێش هەڵبژاردنەکانیش دەستیان بەفرەچەشنکردنی بژاردەکانیان کردبوو؛ بەجۆرێک سعودیە، پاکستان‌و تورکیا لەمانگی ئابدا ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆکرد، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ڕیاز کاردەکات بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی لەدەرەوەی چوارچێوەی واشنتۆن، سەبارەت بەئوردنیش، تەیب پێیوایە، کەمترین کاریگەریی لەسەر دەبێت‌و لەئێستادا هیچ جوڵەیەکی ڕاستەقینە نییە بۆ کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی عەممان.

سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت مافی ڤیتۆ بەکاربهێنێت بۆ ڕەتکردنەوەی هەر پڕۆژەیاسایەک کە کۆنگرێس پەسەندی دەکات‌و تێپەڕاندنی ڤیتۆی سەرۆکیش تەنها بەڕەزامەندیی زۆرینەی دوو لەسەر سێ لەهەردوو ئەنجومەنی نوێنەران‌و پیران دەبێت؛ مەرجێک کە کۆنگرێس لەساڵی 2019دا نەیتوانی بەدەستی بهێنێت کاتێک دەنگیدا لەسەر ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بەسعودیە.

بۆیە حەسەن تەیب دەڵێت، "توانای دیموکراتەکان بۆ هەنگاونان بەم ئاڕاستەیەدا سنوردار دەمێنێتەوەو لەسایەی بونی ترەمپ لەکۆشکی سپیدا، ڕون نییە ئایا هیچکام لەم جوڵانە لەماوەیەکی نزیکدا دەبنە یاسا یان نا.