دوای ئاشکراکردنی پەیامە هەڕەشەئامێزەکەی زەیدیی لەلایەن شارپرێسەوە؛ حکومەتی هەرێم ڕونکردنەوەیەک لەسەر سەردانەکەی فالح فەیاز بڵاودەکاتەوە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3642 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەیەکی لەبارەی سەردانەکەی دوێنێ شەممەی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی‌و کۆبونەوەکانی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێم بڵاوکردەوەو ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیامێکی هەڕەشەئامێز لەبەغداوە گەیەندرابێت.


ئەم ڕونکردنەوەیەی حکومەتی هەرێم دوای ئەوەدێت، شەوی ڕابردوو شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەکی تایبەت لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئاشکرایکردبوو؛ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەڕێگەی فالح فەیازەوە پەیامێکی توندی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردوەو جەختیکردوەتەوە، ئەگەر هەرێم پابەندی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا نەبێت، ئەوا نابێت چاوەڕوانی هیچ پارەو بودجەیەک بکات‌و وەزیرە کوردەکانیش لەبەغدا ڕەوانەی هەرێم دەکاتەوە.

لەبەرامبەر ئەو زانیارییانەدا، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئه‌مشه‌و لەڕونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، لەمیانی سەردانەکەی فالح فەیاز بۆ هەرێمی کوردستان‌و دیدارو کۆبونەوەکانی لەگەڵ هەریەکە لەمەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم‌و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی فیدراڵ کراوە، بەتایبەتی پرسی بودجە، نەوت‌و دەروازە سنورییەکان.

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بڵاوکراونەتەوە ڕه‌تكردوه‌ته‌وه‌و دەڵێت، "هیچ بنەمایەکیان نییەو دورن لەڕاستییەوە".

لەکۆتایی ڕونکردنەوەکەدا جەختکراوەتەوە، بەپێچەوانەی ئەو زانیارییانەوە، لەکۆبونەوەکاندا هەمولایەک هاوڕابون لەسەرئەوەی پێویستە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی فیدراڵ لەڕێگەی گفتوگۆ، لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش‌و لەچوارچێوەی دەستوردا چارەسەربکرێن.