شارپرێس:
لەپێشهاتێکی بێوێنەدا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، موشەکێکی هایپەرسۆنیک کە لەلایەن گروپی ئەنسارڵای حوسییەکانەوە لەیەمەنەوە هەڵدرابوو، سەرکەوتوانە سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بەزاندو لەنزیک تێرمیناڵی سەرەکیی فڕۆکەخانەی بن گوریۆن لەتەلئەبیب کەوتەخوارەوەو هەشت کەسی بریندارکردو هاتوچۆی ئاسمانیی بۆ ماوەیەکی کاتیی پەکخست.
ڕاپۆرتەکان باس لەوەدەکەن کە ئەو موشەکە کە لەلایەن حوسییەکانەوە ئاڕاستەکراوە، مەودای نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتری هەیەو تەنها لەماوەی 11 خولەکدا گەیشتوەتە ناوەڕاستی ئیسرائیل، ئەو ماوەیەش بەس بوو بۆئەوەی بتوانرێت دەستنیشان بکرێتو ڕێگریی لێبکرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازیی کە لەڕادیۆی سوپای ئیسرائیلەوە وەرگیراوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "ئارۆ"ی مەودا دوری ئیسرائیلو سیستەمیTHAADی ئەمریکی نەیانتوانیوە ڕێگریی لەموشەکەکە بکەن، سەرەڕای ئەوەی ئەم سیستەمە بۆ ڕێگریکردن لەموشەکی بالیستیک داڕێژراونو تەکنەلۆژیای پێشکەوتوی دۆزینەوەی تێدایە.
کەناڵی دوی ئیسرائیلی بڵاویکردوهتەوە، موشەکەکە پێش کەوتنی لەناوجەرگەی فڕۆکەخانەکەدا، چوار چینی بەرگریی ئاسمانیی بەزاندوە، بەمەش چاڵێکی 25 مەتر قوڵی دروستکردوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کڵاوە جەنگیەکە زۆر گەورە بوە.
پێشتریش حوسییەکان بەموشەکێکی بالیستیکی هایپەرسۆنیکی "فەڵەستین 2" فڕۆکەخانەی بن گوریۆنیان کردبوە ئامانج.
هەندێک لەچاودێران پرسیاری ئەوەیان کردوە کە بۆچی هێرشەکە لەڕۆژدا ئەنجامدراوە نەک لەشەودا کە بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنانەی کە ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت بڵاویکردوهتەوە، پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەمکاتە بۆئەوە بگەڕێتەوە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆسەر حوسییەکان لەشەواندا چر دەبێتەوە، ئەمەش وایکردوە حوسییەکان لەڕۆژدا هەڵدانی موشەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خێراتر بکەن بۆ ئەوەی نەکرێنە ئامانج، چونکە لەشەودا ئاسانتر ڕوناکیی موشەکەکان دەبینرێت وەک لەڕۆژدا.
