شارپرێس:
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی داراییو ئابوریی هەرێم جەختدەکاتەوە سەرجەم ئەرکەکانی سەرشانی بۆ وەرگرتنی موچەی مانگی نیسان جێبەجێکردوە، بەڵام هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی نیشان نەداوە بۆ خەرجکردنی موچەکەو پاساوی جیاواز دەهێنێتەوە، سهرچاوهیهكى وهزارهتى دارایی ههرێمیش زانیاریى لهوبارهیهوه ئاشكرادهكات.
بهگوێرهى ههواڵێكى میدیاى نزیك لهپارتى، سهرچاوهیهك لهتیمى تەکنیکی لەوەزارەتی دارایی هەرێم ئاشكرایكردوه، عێراق کێشەی نەبونی نەختینەی هەیە، بەڵام ئەمە کێشە بۆ هەرێم دروستناکات، چونکە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بەشی دوو مانگ موچەی هەرێمی کوردستانی پارەی کاشی تێدایەو ناردنی موچە تەنها فەرمانێکی دەوێت، نەوەکو ناردنی پارەی نەختینە لەبەغداوە بۆ هەولێر.
بهوتهى سهرچاوهكه، سێ ئەرکی سەرەکی کە لەسەریان بوە جێبەجێکراون. ئەوانیش بریتین لە:
1. ناردنی تەرازوی پێداچونەوە (میزان المراجعه) لە 20ی نیسان.
2. ناردنی داهاتی ناوخۆ لە22ی نیسان.
3. ناردنی لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە 22ی نیسان.
بەوتهى سهرچاوهكه، نزیکەی دوو هەفتەیە سەرجەم داواکارییەکانی بەغدا جێبەجێکراون، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق هەرجارەو پاساوێک دەهێنێتەوە بۆ دواخستنی ناردنی شایستە داراییەکان.
بهوتهى ئهو، "یەکێک لەو پاساوانەی بەغدا باسیکردوە، پرسی نەبونی نەختینەی پێویستە، بەتایبەت دوای ڕاکێشانی نزیکەی سێ ترلیۆنو 500 ملیار دینار لەسپاردەکانی باج بۆ تەواوکردنی موچەی فەرمانبەرانی فیدراڵی، بەڵام ئەو پاساوە بەبنەمایەکی لاواز دەزانین بۆ ڕاگرتنی موچەی هەرێمی کوردستان، چونكه میکانیزمی ناردنی موچە لەبنەڕەتدا پێویستی بەناردنی پارەی کاش نییە".
ئهوهشى وتوه، "پرۆسەکە بەواژۆکردنی نوسراوێک لەلایەن بەرپرسانی دارایی عێراقەوە دەستپێدەکات کە ڕێگە دەدات پارەکە بخرێتەسەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".
ههر لهو زانیارییانەی ئاشكراكراون، لیستی موچەی فهرمانبهرانى هەرێم دوای گەیشتنی بەبەغدا، قۆناغهكانى (فەرمانگەی بودجە كه لیستەکە وردبینی بۆکراوەو یاداشت ئاراستەی وەزیرو فەرمانگەی ژمێرکاری کراوە، فەرمانگەی ژمێرکاریی، لیستەکەیان بەدەستگەیشتوەو هیچ کێشەیەکیان لەگەڵی نەبوە، ئێستاش هەردوو فەرمانگەی بودجەو ژمێرکاری کارەکانی خۆیان تەواوکردوەو تەنها چاوەڕێی فەرمانی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقن بۆ ئەوەی خەرجبکرێت".
بەگوێرەی زانیارییەکان، نوسراوی کۆتایی پێویستی بەواژۆی وەزیریش نییە، بەڵکو تەنها فەرمانێکی ئەو بەسە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ژمێرکاری نوسراوی فەرمی ئاراستەی لقی هەولێری بانکی ناوەندی بکات بۆ خستنەسەر هەژماری هەرێمی کوردستان.
دوای 40 ڕۆژ لهدابهشنهكردنى موچهو دوو هەفتەش لەناردنی لیستو زانیارییەکانو تەواوکردنی وردبینی لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، چارەنوسی موچەی مانگی نیسانی موچەخۆرانی هەرێم ئێستا بەندە بەبڕیارێکی ئیداریی وەزیری دارایی عێراقەوە.
