له‌شارى لاهور ته‌قینه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ ڕویدا

جیهان

08/05/2025‌ 11278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى کەناڵی جیۆ تیڤی پاکستان بڵاویکردوه‌ته‌وه‌، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە تەقینەوەیەکی بەهێز لەشاری لاهور لەڕۆژهەڵاتی پاکستان ڕویدا.


له‌هه‌واڵى ئەو کەناڵەدا هاتوه‌، "تەقینەوەکە دوای ڕۆژێک لەهێرشەکانی هیندستان کە چەندان شوێنی پاکستانیان بۆمباران کرد دێت، ئەمەش نیگەرانیی لەبارەی پەرەسەندنی ململانێی سەربازیی نێوان هەردوو دراوسێی خاوه‌ن چەکی ئەتۆمی دروستکردوە".

ڕاجات سینگ وەزیری بەرگریی هیندستان دەڵێت:"ئەو ئامانجانەی دەستنیشانمانکرد، بەوردی به‌گوێره‌ى ستراتیژییەکی باش‌و پلان بۆ داڕێژراو لەناوچون، ئێمە هۆشداریمانداو دڵنیابوین لەوەی هیچ دانیشتویەکی مەدەنی بەهیچ شێوەیەک زیانیان پێنەگەیشتبێت".

درەنگانی شەوی سێشەممەى ڕابردوو سوپای هیندستان ڕایگەیاند، "زیاتر لەنۆ پێگەمان لەخاکی پاکستان بۆردومانکردوە، ئۆپەراسیۆنەکەش بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی تیرۆرە".

سوپای پاکستان لەڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرایکردوه‌، هیچ فڕۆکەیەکی هیندستان سنوری نەبەزاندوەو وەڵامی هێرشەکانیش دەدەینەوە.

میدیاى پاكستان نوسیویه‌تى، "بەهۆی هێرشەکەی هیندستانەوە، هەشت هاوڵاتی مەدەنی کوژران‌و 35ی دیکەش بریندارن‌و دوو کەسیش بێسەروشوێنن".

گرژییەکانی نێوان هیندستان‌و پاکستان دوای هێرشەکەی ڕۆژی 15ی مانگى ڕابردوو هات کە چەکداران لەپاهالگام لەکشمیر 26 کەسیان کوشت، ئەو ناوچەیەش لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی له‌ئەستۆ نه‌گرت، هەرچەنده‌ نیودەلهی، ئیسلامی ئابادی بەوە تۆمەتبارکردوە کە ئەو لەپشت هێرشەکەوەیە، لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی پاکستانیش ئەو تۆمەتە ڕەتدەکەنەوە.