واده‌ى ئاشكراكردنى ئه‌نجامه‌كانى كۆنگره‌ى په‌كه‌كه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

10/05/2025‌ 5912 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى ده‌م پارتى وه‌ڵامى حكومه‌تى توركیا ده‌داته‌وه‌و داواكاریه‌كیشى ئاراسته‌ ده‌كات، هاوكات ده‌شڵێت:"بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە ڕاگەیاندنی ئەنجامی 12مین کۆنگرەی پەکەکە دواکەوتوە، پێشبینیده‌كه‌ین سبه‌ینێ یەکشەممە ئەنجامەکان ئاشکرابکرێن"، داواشده‌كات، "تاوەکو مانگی شه‌شى ئه‌مساڵ نزیکەی چوار هه‌زار زیندانیی کورد ئازادبکرێن‌و یاسای دژەتیرۆریش لەتورکیا هەمواربکرێتەوە".

 
حوسێن ئۆڵان پەرلەمانتاری دەم پارتی لەپارێزگای بەدلیس ئاشكرایكرد، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ سبەینێ یەکشەممە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕاگەیه‌ندراوی 12مین کۆنگرەی خۆی به‌ورده‌كاریى‌و ئه‌نجامه‌كانیشى بڵاوبکاتەوە.
 
وه‌كو ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى پێكردوه‌، "دوای ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەینی پەکەکە، ئێمە چوینە قۆناغێکی نوێوه‌، لەماوەی دوو مانگی ڕابردودا پەکەکە نەیتوانی کۆنگرە ببەستێت، بەڵام لەڕۆژانی 5 تا 7ی ئەم مانگە کۆنگرەکەی بەست‌و به‌گوێره‌ى دۆخی ئەمنی لەدوو شوێنی جیاواز کۆنگرەکە بەڕێوەچوه‌، سێ ڕۆژیش بەردەوامبوه‌و چەند بڕیارێکیانداوە کە لەسەر داوای ئۆجەلان بوە".

ئه‌گه‌رچى دوێنێ هەینی پەکەکە لەڕاگەیه‌ندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەڕۆژانی 5 بۆ 7ی ئایار، 12مین کۆنگرەی خۆی لەدوو شوێنی جیاوازو لەیەککاتدا بەستوەو تێیدا بڕیاری مێژویی دەرکردوە، ئاماژەی بەوەشکردبوو، دوای ڕێکخستنی بڕیارەکان، بەڕاگەیه‌ندراوێکی فەرمی ناوەڕۆکەکەی بڵاودەکەنەوە.
 
له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ حوسێن ئۆڵان جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "لەکاتی کۆنگرەدا ئۆپەراسیۆنەکانى توركیا بەردەوامبون، بەوهۆیەوە لەدوو شوێن کۆنگرە بەسترا بۆ ئەوەی بڕیارو ڕاپۆرتیان بنوسن‌و بۆ جیهان بڵاوی بکەنەوە، کاتێکی کەم پێویستەو ئەوکاتەش نزیکەو ڕەنگە سبه‌ینێ یەکشەممە بڵاوبکرێتەوە، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ڕاگەیه‌ندراوەکە بەشێوەی نوسراوبێت، چونکە دۆخی ئەمنی رێگە بەوە نادات ڕۆژنامەنوسان بانگ بکەن یان ڤیدیۆ بکەن".
 
سه‌باره‌ت به‌پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بۆ کۆنگرەکە، ئۆڵان وتویه‌تى، "ئۆجەلان پەیامی بۆ کۆنگرە هەبوە، بەڵام هێشتا ڕون نییە کە بەڤیدیۆ بوە یاخود نوێنەرێکی ناردوە، لەڕۆژانی داهاتودا ده‌رده‌كه‌وێت کە چۆن بوە"، به‌ڵام شارپرێس زانیویه‌تى، ئۆجه‌لان له‌ڕێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ (به‌ده‌نگ) به‌شداریى كۆنگره‌كه‌ى كردوه‌.

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەئەگەری چەکدانانی پەکەکە، ئۆڵان نه‌یشاردوه‌ته‌وه‌، "ئەگەر ئەو هۆکارانەی کە چەکی بۆ هەڵگیرا کۆتاییان پێنەیه‌ت، وەکو کولتور، زمان، هەبون‌و ئازادی کورد، سبەی یان دوسبەی پەکەکەش نەبێت هێزێکی دیکە دەردەکەوێت، بۆیە پێویستە تورکیا لەڕوی دیموکراسی‌و مافی کوردەوە هەندێ هەنگاو بنێت".

ئه‌وه‌شى وت:"ئۆجەلان بڕیاریداوە چەک دابنێن‌و خۆیان هەڵوەشێننەوە، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە کورد لەمەودوا بێ ڕێکخستن‌و حزب بمێننەوە، کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕێکخراون‌و گەلێکی هۆشیارو خاوەن سیاسەتن، کورد کوردی پێشوو نییە؛ لەهەموو ڕویەکەوە پێشکەوتون، لەڕوی دیپلۆماسی، سەربازیی‌و سیاسییەوە لەجیهان دەناسرێن، ئەوەش واتای ئەوەیە کە کورد بێ ڕێکخستن نابن‌و بەردەوامدەبن لەهەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان، بەڵام بەرێگەی جیاواز".
 
ڕەخنەی لەپەرلەمانی تورکیا گرتوه‌ کە هەنگاوی پێویستی نەناوەو بۆ ئه‌وه‌ش داوایکرد، "ئومێدمان ئەوەیە کە لەکاتێکی نزیکدا هەندێ هەنگاوبنێت، نزیکەی هەزارو 500 زیندانی نەخۆشمان لەزیندانەکاندا هەیە، هەروەها نزیکەی دوو هەزار زیندانیمان کاتی مانەوەیان درێژکراوەتەوە، هیوادارین ئەو خاڵانە بخەنە نێو پاکێجێکەوەو تا حوزەیران زیندانییە نەخۆشەکانمان ئازادبکەن‌و ئەوانەی کاتی زیندانیان تەواو بوە لەزیندانەکان دەرچن، یاسای دژەتیرۆریش یاسایەکی بێبنەمایەو لەسەر بنەمای ئیحتیمال‌و پێشبینییەکان بڕیار دەدەن، ئەو یاسایەش پێویستە بگۆڕدرێت".

بەپەلە