شارپرێس:
ئاسمانی باشووری ئاسیا شاهیدی یەکێک لەتوندترینو گەورەترین جەنگە ئاسمانییەکان بوو لەدوای جەنگی جیهانیی دوەمەوە، کە زیاتر لە 125 فڕۆکەی جەنگیی لەهیندستانو پاکستانەوە لەشەڕێکی ئاسمانییدا کە یەک کاتژمێری خایاند، سەرنجی جیهانی ڕاکێشاو پرسیاری لەسەر گۆڕانی هاوسەنگی هێزی ئاسمانیی دروستکرد.
ئەوەی لەم ڕوبەڕوبونەوەیەدا سەرنجڕاکێش بوو، تەنها قەبارە جەنگەکە نەبوو، بەڵکو ئەو سەرکەوتنە چاوەڕواننەکراوە بوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستانی دروستکراوی چینی، بەتایبەتی فڕۆکەیJ-10C، لەبەرامبەر هاوتا هیندییەکانیان بەدەستهێنا کە لەڕۆژئاوا دروستکراون.
لەم شەڕەدا، پاکستان توانیی سێ فڕۆکەی جەنگیی ڕافالی فەرەنسی بخاتە خوارەوە، جگە لەدوو فڕۆکەی جۆری میگ-29و سوخۆی، بەبەکارهێنانی فڕۆکە جەنگییەکانی J-10C کە بەموشەکی پێشکەوتوی PL-15ی چینی تەیارکراون.
ئەم موشەکە مەودای زۆر دوورو درێژەو توانای ئەوەی هەیە ئامانجەکانی زیاتر لە 200 کیلۆمەتر لەدورییەوە بپێکێت، سودێکی بەرچاوی پێشکەش بەپاکستانییەکان کرد، بەتایبەت کە ڕاداری ڕافال مەودای تەنها 150 کیلۆمەتری هەیە، ئەمەش سودێکی بەهێزەکانی پاکستان بەخشی لەشەڕەکانی دەرەوەی مەودای بینین (BVR).
سەرەڕای ئەوەی هیندستان بەفەرمیی ئەو زیانانەی ڕەتکردوهتەوە، بەڵام سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی ئەمریکا وردیی زانیارییەکانیان پشتڕاستکردوهتەوە، ئەمەش وایکردوە چەند وڵاتێک پێداچونەوە بەهەڵسەنگاندنەکانیان بۆ چەکەکانی چین بکەن، بەتایبەتیی لەژێر ڕۆشنایی ئەو کاریگەرییەی کە سیستەمی بەرگرییو هێرشبەری چین لەم ڕوبەڕوبونەوەدا نیشانیداوە.
شیکارییە سەربازییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە کە خراپی ڕوماڵکردنی فڕۆکەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەو کۆنترۆڵکردنی هیندستان (AWACS) و خراپی ئەدای سیستەمی شەڕی ئەلیکترۆنییو ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی بەشداربوە لەم زیانانەدا.
هەروەک میدیاکانی چین تیشکیانخستوهتەسەر باڵادەستیی تەکنەلۆژی کە پیشەسازییە بەرگرییەکانی چین نیشانیان داوەو شەڕەکەیان بەتاقیکردنەوەیەکی مەیدانیی سەرکەوتوی فڕۆکەی جەنگی J-10C وەسفکردوە، لەکاتێکدا فەرەنساو ڕوسیا دابینکەری سەرەکیی فڕۆکەی جەنگیی بون بۆ هیندستان، بەڵام پێدەچێت باڵادەستی چەکەکانیان لەلایەن چینەوە ڕوبەڕوی تەحەدای ڕاستەقینە بێتەوە.
لەکۆتایی شیکارییەکەدا، شارەزایان جەختیان لەوەکردوهتەوە، هێشتا زوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر کاریگەریی ئەم چەکانە بدرێت، بەڵام دڵنیایە کە شەڕی باشوری ئاسیا حیساباتی ستراتیژیی دوبارە داڕشتوەتەوە، تیشکیخستەسەر گرنگیی یەکخستنی تۆڕەکان لەشەڕدا، هەروەک پشتڕاستیکردوهتەوە کە موشەکی PL-15 بوەتە هۆکارێکی یەکلاکەرەوە بۆ گۆڕینی یاساکانی بەشداریکردنی ئاسمانیی لەسەر ئاستی جیهانیی.
