شارپرێس:
خۆسێ موخێکا سەرۆکی پێشوی ئۆرۆگوای سەردەمانێک بەهەژارترین سەرۆکی جیهان ناسرابوو، لەتەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
موخێکا خەباتگێڕێکی مارکسیستیو گوڵفرۆش بوو، خاوەنی فەلسەفەو شێوازی ژیانی سادەی خۆی بوو، خەڵکی لەسەرتاسەری جیهاندا سەرسام کردبوو.
سەرۆکی ئێستای ئۆرۆگوای یاماندۆ ئۆرسێ، لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس مردنی موخیکای ڕاگەیاندو موخێکای بەسەرۆک، چالاکوان، ڕاهێنەرو سەرکردە وەسفکرد.
موخێکا لەبەهاری ساڵی 2024وە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی سورێنچکى وەردەگرت.
هەرچەندە ئەو چارەسەرە وایکرد لاوازبێتو نەیتوانێت نان بخوات، بەڵام موخیکا لەپاییزی 2024دا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی دەرکەوتەوەو هاوپەیمانی چەپەکەی لەهەڵبژاردنە نیشتمانییەکاندا بەرەوپێش برد کە کاندیدو پارێزراوی پەسەندکراوی خۆی، ئۆرسی، هێنایە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.
لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2024، پزیشکەکەی ڕایگەیاند، "چارەسەری تیشکی بەسەرکەوتویی بەشێکی زۆری وەرەمەکەی لەناوبردوە، بەڵام لەمانگی یەکی ساڵی 2025دا پزیشکی موخێکا ڕایگەیاند، "شێرپەنجەی سورێنچکەکەی گەڕاوەتەوەو بڵاوبوەتەوە بۆ جگەری".
موخێکا لەچاوپێکەوتنێکدا بەگۆڤاری هەفتانەی "بوسکوێدا"ی وتوە، "ڕاستگۆیانە من دەمرم، جەنگاوەر مافی پشودانی هەیە".
