تره‌مپ چه‌ند داواكارییه‌ك ئاراسته‌ى شه‌رع ده‌كات

جیهان

14/05/2025‌ 5828 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەمریکا لەسەردانەکەی بۆ سعودییە بەشداریی لەلوتکەی (کەنداو ـ ئەمریکی) کردو باسی لەسیاسەتی نوێی ئەمریکا بەرامبەر ڕوداوو پێشهاتەکانی ئەمدوایانەی ناوچەکە کرد، ڕاشیگه‌یاند، "شکۆمەندی بۆ غەززەییەکان دەگەڕێنینەوە"، ده‌شڵێت:"به‌شه‌رعم وت، به‌هەموو تیرۆریستانی بیانی بڵێ سوریا جێبهێڵن‌و تیرۆریستانی فەڵەستینی دوربخه‌وه‌و یارمەتی ئه‌مریكا بده‌ بۆ ڕێگریکردن لەسەرهەڵدانەوەی داعش".


دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەلوتکەی (کەنداو ـ ئەمریکی) لەڕیازی پایتەختی سعودییە لەوتارەکەیدا وتی:"هیوادارین سەقامگیرو شکۆمەندی بۆ هاوڵاتییانی غەززە بەدەستبهێنین".

وتیشی:"هەموو هەوڵێکدەدەین بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شەڕە بهێنین‌و ژیان‌و گیانیی بارمتەکانیش بپارێزین".

لەبارەی کۆبونەوەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاو پەیوەندییەکانی واشنتۆن - دیمەشق، ترەمپ وتی:"لەکۆبونەوەکەمان لەگەڵ شەرع، سەرۆکی نوێی سوریاو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بەتەلەفۆن‌و وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکاو ئیسرائیل بەشداربون‌و باسمان لەئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریاو هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە کرد".

جەختیشیکردەووە، "هەموو سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرین، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی‌و دەرفەت دەبێت بۆ ئەو وڵاتە، داواشم لەسوریا کردوە بەشداری ڕێککەوتنی ئیبراهیم بکات، کاریش لەسەر ئەوەدەکەین ژمارەی وڵاتان بۆ ڕێککەوتنی ئیبراهیم زیاد بکەین".

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، تره‌مپ بەشەرعی وتوە، داوا لەکۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات وەبەرهێنان لەکەرتی نەوت‌و غازی سوریا بکەن.

هه‌روه‌ك تره‌مپ به‌شه‌رعى وتوه‌، "بەهەموو تیرۆریستانی بیانی بڵێ سوریا جێبهێڵن‌و تیرۆریستانی فەڵەستینی دوربخه‌وه‌، یارمەتی ئه‌مریكا بده‌ بۆ ڕێگریکردن لەسەرهەڵدانەوەی داعش، بەرپرسیارێتیی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی داعش لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەئەستۆ بگرێت".

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئێرانەوە جه‌ختیكرده‌وه‌، "ڕێگەنادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، واش لەئێران دەکەم لەپشتگیریی گروپە تیرۆریستیەکان بوەستێت، لەماوەی 2016 بۆ 2020 ئێران مایەپوچ بوو، هیچ پارەیەکی نەبوو بۆ ئەوەی پشتگیریی گروپەکانی وەکو حەماس‌و ئەوانی دیکە بکات".

ترەمپ سەبارەت بەحوسییەکانی یەمەن وتی:"هێرشمانکردەسەر حوسییەکان، تا وامان لێکردن دەست لەهێرشەکانیان هەڵگرن".

لەبارەی لوبنانیشەوە ئاماژەی به‌وه‌دا، دەبێت جۆزێف عۆن سەرۆکی لوبنان وڵاتێکی بەختەوەر بۆ هاوڵاتییانی بونیادبنێت‌و دوربێت لەکۆنترۆڵ‌و دەستتێوەردانی حزبوڵڵا.