شارپرێس:
وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دەمەوێت بەخەڵکی کوردستان بڵێم، پڕۆژەی ڕوناکی بەهەردولامان جێبەجێدەکرێت، واتە هەم هاونیشتمانیان هەم حکومەت"، دهشڵێت:"هەروەها تەواوی خەڵکی کوردستان لەم پرۆژەیە سودمەند دەبن، ڕەچاوی دۆخو گوزەرانی دارایی خەڵک کراوە".
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگهیاند، "نزیکەی لە80%ی خەڵک پارەیەکی کەمتر لەجاران بدەن، بۆ ئەوەی کارەبایەکی 24 کاتژمێریان دەستکەوێت، هەروەها پلانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی ڕوناکی لەسەنتەری هەموو پارێزگاکان تەواوبێت، دواتریش بەرەو ناوچەکانی دیکە درێژ دەبێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "سێ مانگی یەکەم بۆ ئەو بەشداربوانەی دەچنە ناو پڕۆژەی ڕوناکییەوە، بەڕێژەی سەدا 15و 25 تاوەکو سەدا 50 پاڵپشتیدەکرێن لەلایەن حکومەتی هەرێمهوه، بۆ ئەوەی هاونیشتیمان خۆیان ڕابهێنن، هەروەها دەبێت بهگوێرهى پێویست کارەبا بەکار بهێنرێت، کە لەم ڕێگەیەوە بەهەدەردان کەمدەبێتەوە".
وتیشى:"لیژنەیەکی باڵا چاودێری پڕۆژەکە دەکات، تاوەکو تەواوی کوردستان دەبێتە بەشداربوی ئەم پڕۆژەیە کە سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی ئەو لیژنەیە دەکات، سەرپەرشتی سەرۆک وەیرانیش بۆ ئەوەیە خەڵک سودمەندبن بەپارەیەکی کەمتر".
وتەبێژی حکومەتی هەرێم سهبارهت بهموچەش وتی:"دواخستنی موچە بۆچی بوو؟ هیچ هۆکارێک نەبوە کە حکومەتی فیدراڵ موچەی موچەخۆرانی دواخست، چونکە ماوەی 20 ڕۆژ بوو بەبێ کەموکوڕی لیستی موچەمان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دیراڵ کردبوو".
ڕاشیگەیاند، "لەبودجەی ساڵی 2026دا ئێمە داوای بودجەی خۆمان دەکەین، چونکە لەبودجەی وەبەرهێنان چی بەئێمە دراوە؟ هیچ، لەبودجەی سەروەری چی بەئێمە دراوە؟ هیچ نەنێردراوە، هەروەها لەبودجەی 2023 ،2024، 2025، یەک ملیۆن کەس دامەزراوە یەک کەسیش لەپشکی هەرێم نەبوە".
پێشەوا هەورامانی، باسی لەپەیوەندییەکانی هەولێرو واشنتۆن کردو ڕایگەیاند، "لەچەند ڕۆژی داهاتودا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمریکا دەکات".
بەوتهى ههورامانى، "لەسەردانەکەیدا، مەسرور بارزانی ژمارەیەک کۆبونەوەو دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دەبێتو دواتر وردەکاریی سەردانەکە ڕادەگەیەنن".
