شارپرێس:
تۆڕی هاوپەیمانی (19) ئاشكرایدهكات، لەدوو مانگی ڕابردودا (نیسانو ئایار)ى ئهمساڵ، لەشارەكانی هەرێم هاوڵاتیان (54) چالاكی ناڕەزایی، خۆپیشاندان، گردبونەوەیان ڕێكخستوە، (23) چالاكییان لەمانگی نیسان، (31) چالاكییان لەمانگی ئایار ڕێكخراوە، ڕێگریی لەسێ چالاكی مەدەنی كراوە، دوو هاوڵاتیش دەستگیركراون.
تۆڕهكه ئاماژهى بهوهداوه، جۆری داخوازییەكان بەمشێوەیە بوە، لەمانگی نیسان (6) چالاكی بۆ خزمەتگوزارییو (6) چالاكی بۆ موچەو (2) چالاكی دژ بەجینۆسایدی گەلی كورد، (2) خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی غەزەش ڕێگریی لێكراوە، (7) چالاكی داخوازی جیاجیا بوون، شوێنی چالاكییەكانیش (13) چالاكی لەسلێمانی، (10) چالاكی لەهەولێر.
تۆڕهكه باسى لهوهشكردوه، ههر لهمانگى نیسان، دوو حاڵەتی دیاری دەستگیركردن بەهۆی ئازادی بیروڕاوە، لەشارەكانی (دهۆكو سلێمانی) تۆماركران، یهكهمیان، لەكاتی سەردانی بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی ئاكرێی پارێزگای دهۆك بوهو پێیان وتوە، فەرمانی دەستگیركردنت هەیە.
ئهمهش لهكاتێكدایه، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی ڕەوتی هەڵوێست، تۆمارێكی دەنگی (ئیسلام زێباری) بڵاوكردەوە كە تیایدا وتویهتى، "بابەتەكە سیاسییە، چون لیژنەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر دروستكردم لەسەر ئەو بابەتانەی كە لە ئینتهرنێت بڵاویاندەكەمەوە لەبارەی گەندەڵیو حزبایەتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، نەچوم بۆ لیژنەكەو فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركردم".
ئهوهش هاتوه، "ههر لهمانگى نیسانو له9ى ئهو مانگهدا بەهۆی بانگەشەكردنیان بۆ گردبونەوەیەكی هاوسۆزیی بۆ غەززە، لەگەڕەكی مامۆستایانی قەزای (پێنجوێن) هێزێكی ئەمنی، ڕێبین عومەر مامۆستاو ئەندامی دەستەی خۆپیشاندان بۆ مافەكانی خەڵكی پێنجوێنی دەستگیركردو چونەسەر ماڵی دوو چالاكوانی دیكهش بە مەبەستی دەستگیركردنیان، بەڵام لەماڵەوە نەبون".
وهكو تۆڕهكه باسیكردوه، بێئەوەی گردبونەوەكە ڕێبكبخرێت، هێزە ئەمنییەكان چونەتە گەڕەكی مامۆستایان (ڕێبین عومەر)یان دەستگیركرد، پاشان بۆ هەمان مەبەست چونەتە سەر ماڵی (هۆشیار نامق)و (میران كەمال)، بەڵام لەماڵەوە نەبون.
لهو ڕاگهیهنراوهدا كه تۆڕى 19 ئاماژهى پێكردوه، لەمانگی ئایاردا (31) چالاكی ڕێكخراوە، (7) چالاكی بۆ خزمەتگوزاریی، (4) چالاكی بۆ دامەزراندن، (3) چالاكی دژ بەنرخی پڕۆژەی ڕوناكی، (3) چالاكی بۆ موچە، (2) چالاكی بۆ مافی كەمئەندامان، (2) بۆ مافی كرێكاران، (1) خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لەئومێد بەرۆشكی ڕێگریی لێكراوە،(9) چالاكی داخوازی جۆراوجۆربون.
لهبارهى شوێنى چالاكیهكانیشهوه لهمانگی ئایاردا ئاشكراكراوه، (22) چالاكییان لەسلێمانی، (5) لەهەولێر، (2) لەهەڵەبجە، (2) لەدهۆك بوه.
ههروهك تۆڕهكه بڕواى وایه، "خۆپیشاندان مافێكی دەستورییەو بهگوێرهى یاسای هەرێمیش بەپێی یاسای خۆپیشاندان، ژمارە(11)ی سالی 2010، ڕێكخراوە، هەر ڕێكارێك پێچەوانەی ئەم یاسایە بگیرێتەبەر جێگهی سەركۆنەكردنە".
تۆڕی 19 كۆمەڵێك ڕێكخراوو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایانمەزراندوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتیدەكات، داكۆكی لەپرهنیسپەكانی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی دیكهى تایبەت بەمافو ئازادییەكان دەكات، بەتایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.
