له‌سلێمانى‌و هه‌ولێر گردبونه‌وه‌ ده‌ستى پێكرد

کوردستان

03/06/2025‌ 14214 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پزیشکانی ناڕازیی‌و دانەمەزراو لەهەولێرو سلێمانی گردبونەتەوە، ناڕازییەکان داوای دەستپێکردنەوەی پلەبەندیی‌و دانەمەزراوەکانیش داوای دامەزراندن دەکەن.


بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک لەپزیشکانی دانەمەزراو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبونەوەو لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، لەسەرجەم شارەکانی هەرێم ژمارەیان نزیکەی هەزارو 600 پزیشکە، بەڵام تائێستاش حکومەتی هەرێم‌و وەزارەتی تەندروستی دامەزراندنی پزیشکانیان بەجدی وەرنەگرتوەو کاری پێویستیان نەکردوە.

دەشڵێن، ماوەی زیاتر لەچوار مانگە پزیشکان لەشوێنەکانی خۆیان قەتیس بون‌و ماوەی یاسایی کارکردنیان کۆتاییهاتوەو پێویستدەکات، پلەبەندی دەستپێبکاتەوە.

پزیشکانی ناڕازیی‌و دانەمەزراو نا ئومێدبون لەبەڵێنەکانی وەزارەتی تەندروستی‌و دەڵێن: تەواوی سیستمی پلەبەندی پزیشکی تێکداوەو لەخەمی جدیدا نییە.

هۆشداریشدەدەنە حکومەت، کە پزیشکانی ناڕازی نەخۆشخانەکان چۆڵدەکەن‌و هاوشانی پزیشکانی دانەمەزراو دێنەسەر شەقام‌و بایکۆت دەستپێدەکەن.

هاوشێوەی هەولێر، پزیشکانی ناڕازیی‌و دانەمەزراو لەبەردەم نەخۆشخانەی شار لەسلێمانی گردبونەوە، داوادەکەن، هەوڵی جدی بدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاوو پەلە بکرێت لەدامەزراندنی پزیشکانی دەرچوی ساڵی 2024ی زانکۆکان لەسەرتاسەری هەرێم بۆ ئەوەى مافى ئەوان و دانەمەزراوەکانیش نەفەوتێت، بەگەڕانەوەیان بۆ شارو ناردنی تازە دامەزراوەکان بۆ دەرەوەی شارەکان.