له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى سودانى‌و یه‌كگرتوو له‌باره‌ى موچه‌وه‌ چى وترا؟

کوردستان

03/06/2025‌ 8463 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی عێراق کۆبوەتەوە، ئەندامێکی فراکسیۆنەکە دەڵێت، "ناتوانین بڵێین پێش جەژن کێشەکان چارەسەر دەبن".

 
لەبارەی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممەوە، نوسینگەی ڕاگەیاندنی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "پێشوازیمان لەوه‌فدێكى په‌رله‌مانیى یەکگرتوی ئیسلامی کردو دڵنیامان کردنەوە، کە حکومەت لەئاست خواستەکانی هاوڵاتییاندا دەبێت‌و بەدواداچون بۆ کاروبارەکانیان دەکات لەتەواوی عێراقدا".
 
لەڕاگەیه‌ندراوەکەدا هاتوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەوه‌فده‌كه‌ى یەکگرتوی وتوە، "حکومەت لەئاست بەرپرسیارێتی یاسایی‌و دەستوری خۆیدا دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتییان".
 
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیه‌ندراوەکەدا هاتوە، لەکۆبونەوەکەدا "جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی دانانی چارەسەری ڕادیكاڵانە لەچوارچێوەی دەستورو یاسادا".
 
د. موسەنا ئەمین ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامیی لەپەرلەمانی عێراق‌و بەشداربوو لەکۆبونەوەکە ئاشكرایكردوه‌، "کۆبونەوەیەکی پڕ زانیاریی‌و ڕاشکاو بوو؛ بینیمیان نیەتێک هەیە هەیە بۆ چارەسەر".
 
وتوشیه‌تى، "ئەگەر ئیرادەیەکە لەهەرێمی کوردستانەوە هەبێت چارەسەری کێشەکان ئاسان دەبێت".
 
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئاماژەی بەناوەڕۆکی کۆبونەوەکە کردو وتی:"بەڵێنێکی دیاریکراو نەدرا، چونکە تەنها بڕیاری سودانی نییەو دادگای فیدراڵی هەیە؛ هاوکات هەرێم‌و پابەندییەکانی، دەبێت بزانرێت هەرێمی کوردستان چی بەڵێنێک دەداتە عێراق تاوەکو لەبەرامبەریدا موچە بنێردرێت، ناتوانین بڵێین پێش جەژن کێشەکان چارەسەر دەبن".
 
ئه‌وه‌شى وت:"ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، به‌ڵام سەرۆک وەزیرانی عێراق بابەتی موچەی هەرێمی کوردستان ناباتە کۆبونەوەکەوە، چونکە نایەوێت ئاڵۆزتر ببێت".