دانیشتنێکی دیكه‌ى دادگایی دۆسیەی شارپرێس‌و کۆمپانیای تەڵەبات بەڕێوەچوو

کوردستان

03/06/2025‌ 13758 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دانیشتنێکی دیكه‌ى دادگایی دۆسیەی دەزگای میدیایی شارپرێس‌و کۆمپانیای تەڵەبات بەڕێوەچوو، دادوەر بڕیاری جارێکی تر دواخستنی دۆسیەکەیداو سەرنوسەری شارپرێسیش دەڵێت، "ئەم فشارانەو درێژکردنەوەی دۆسیەکە، بەئامانجی بەرتەسککردنەوەی زیاتری ئازادیی میدیاییەو مەبەست لێی ئەوەیە، میدیا کار لەسەر کۆمپانیاکان نەکات‌و بەدواداچون بۆ کارەکانیان نەکات".


ئەمڕۆ سێشەممە جارێکی دیكه‌ وادەی دانیشتنی دادگابوو بۆ دۆسیەی دەزگای میدیایی شارپرێس‌و کۆمپانیای تەڵەبات‌و دوای ئامادەبونی هەردولاو گفتوگۆی دۆسیەکەو بینینی بەڵگەکان، بۆ جارێکی دیكه‌ دۆسیەکە دواخراو دادوەر بڕیاری دواخستنی دۆسیەکەی بۆ چەند مانگێکی تردا.

ئەگەرچی پیێشتر دۆسیەکە بەمادەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیی لەدادگای کەتنی سلێمانی تۆمارکرابوو، لەدانیشتنی پێشتوتری دادگاییەکەداو دوای خستنەڕوی بەڵگەکان‌و سەلماندنی کەسێتی مەعنەوی شارپرێس وەک دەزگایەکی میدیایی باوەڕپێکراوی فەرمیى، دادوەر بڕیاریدا دۆسیەکە لەمادەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییەوە بگۆڕێت بۆ یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە 35، بەڵام ئەمڕۆش نەتوانرا دۆسیەکە یەکلایی بکرێتەوەو دادوەر بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەداو جارێکی دیكه‌ دۆسیەکە دواخرا.

دۆسیەکە لەلایەن نوێنەری بەڕێوەبەری لقی سلێمانی کۆمپانیای تەڵەباتەوە تۆماکراوەو دادوەر لەدانیشتنەکانی پێشودا سەرنجی لەسەر چۆنێتی سکاڵاکەو دۆسیەکە هەبوەو  داوایکردوە کە پەڕاوی کۆمۆپانیاکەو بەڕێوەبەری ڕێگەپپێدراوی کۆمپانیاکە ڕادەستی دادوەر بکرێت‌و بخریتە نێو دۆسیەکەوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت لەدروستی بەڵگەنامەکان. کە بە پێی یاسا دەبوو سکاڵاکە لەلایەن بەرێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیاکە تۆمار بکرێت نەک لەلایەن بەڕێوەبەری لقی کۆمپانیاکەوە.

کەمال ڕەئوف سەرنوسەری شارپرێس لەبارەی دۆسیەکەو درێژکردنەوەی وادەی دادگاییەکەوە ڕایگەیاند، "پێمانوایە کە ئەم فشارو هەوڵ‌و دررێژکردنەوانە ئامانج لێی بەرتەسککردنەوەی زیاتری پانتایی ئازادی ڕادەربڕین‌و ترساندنی میدیاکانە کە دەست بۆ دۆسیەی هەندێک کۆمپانیا نەبەن، لەکاتێکدا کە دۆسیەکە هی سێ ساڵ بەر لەئێستایە، دوای خستنەڕووی سەرجەم بەڵگەکان‌و سەلماندنی ئەوەی کە ڕاپۆرتەکەی شارپرێس هیچ زیانێکی بۆ کۆمپانیای تەڵەبات نەبوەو ڕونکردنەوەی کۆمپانیای تەڵەباتیش لەشارپرێس بڵاوکراوەتەوە، کەچی کۆمپانیای ناوبراو هەر سورە لەسەر بەردەوامی دۆسیەکەو هەرجارەو بەهۆکارو پاساوێک داوای دواخستنی دۆسیەکە دەکرێت، پێمانوایە ئەگەر بڕیاری دادوەریی لەبارەوە بدرێت‌و یەکلایی بکرێتەوە، لەبەرژەوەندی شارپرێس یەکلایی دەبێتەوە".