هاوسەرۆکی دەم پارتی داوادەکات بەرپرسانی تورکیا سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن

کوردستان

03/06/2025‌ 218 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند دەبێت بەزووترین کات کۆمسیۆنی تایبەت بەپرۆسەی چارەسەری لەپەرلەمانی تورکیا پێک بێت.

تولا هاتیمۆغلاری هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە قسەی کردو وتی، بەزووترین کات کۆمسیۆنی تایبەت بەپرۆسەی چارەسەری لەپەرلەمانی تورکیا پێک بێت.
 
تولای هاتیمۆئۆغڵو ئاماژەی بە ڕووداوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان کرد و ڕایگەیاند، "وەک هەرێمێک کە بووەتە مەیدانی ململانێی دەسەڵات و ڕکابەریی نێوان زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، ڕۆژانە شاهیدی ڕووداوی نوێ دەبین، ئەو ڕووداوانەی لە غەززە ڕوودەدەن، وەک پێشتر گوتمان، قووڵترین خاڵی ئازاربەخشی مرۆڤایەتییە. ئەو ڕووداوانەی لێرە ڕوودەدەن پڕن لە وانە بۆ داهاتوو".

دەشڵێت، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی بە هەنگاوی باش بەرەو پێشەوە بچێت. ئەمە تەنها بۆ ئاشتی کورد و تورک نییە، نەک تەنها بۆ ئاشتی ناوخۆیی تورکیاش، بەڵکو کاریگەری دیکەشی هەیە.

هەروەها دەڵێت، جارێکی تر جەخت دەکەینەوە؛ ئێمە ئەم بابەتە بەزۆر گرنگ دەزانین و هەموو جارێک باسی دەکەین. ئەم هەنگاوانەی کە دەگیرێنەبەر بەشدارییەکی گەورە لە ئاشتی لە تورکیا و ناوچەکەدا دەکات. جارێکی تر بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە؛ با پێکەوە ئاشتی بنیات بنێین. لە هەمان کاتدا با پێکەوە ئاشتی لە ناوچەکەدا بنیات بنێین. با پێکەوە تورکیایەکی دیموکراسی و کۆمارێکی دیموکراسی بنیات بنێین.

هەروەها هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕونیکردەوە، بارودۆخی جیۆستراتیژی و رابردووی مێژوویی تورکیا، رۆڵی وڵاتەکەی گەیاندووەتە ئاستێکی گرنگ و کاریگەرتر. گرنگ و پێویستە لەمەودوا تورکیا وەک  پێشەنگ و نێوەندگیرێک ڕۆڵی خۆی لە بەرەوپێشچوونی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ناوچەکەدا ببینێت. ناوچەکە پێویستی بەوەیە. ئەم هەنگاوە هەم سوودی بۆ خەڵکی تورکیا دەبێت، هەم پاڵپشتێکی گەورەی ئاشتیی ناوچەکە دەبێت. ئێمە بە دڵ و گیان باوەڕمان بەوە هەیە. بۆ نموونە؛ تورکیا دەتوانێت سەردانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بکات و پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بدات."
ئ.ه