حەشدی شەعبی: گرفتی موچەمان نیە و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت

عیراق

29/06/2025‌ 5249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێكی حەشدی شەعبی ئاشكرایكرد، گرفتی دابەشكردنی موچەیان چارەسەر كردووەو لەم هەفتەیەدا دەست بەدابەشكردنی دەكەن.

حسێن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەشی دارایی و كارگێڕی لە دەستەی حەشدی شەعبی لەڕاگەیاندراوێكدا ڕایگەیاند،  "كارتە نوێیەكانی ئەندامانی دەستەی حەشدی شەعبی لەبری بانكی رافیدەین لە بانكی نەهرێن چاپكراون و فشار بۆ خەرجكردنیان دەكەین".

ئەوەشی ئاشكراكرد، موچەی هێزەکانیان مسۆگەرە و لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەدا موچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ خەرجدەكرێت.

 بەپێی زانیارییەكانیش، یەکێک لە پێشنیازەکان کە حکومەتی عێراق کاری لەسەر دەکات ئەوەیە موچەی حەشدی شەعبی بخرێتە سەر وەزارەتی ناوخۆ و بە لێبڕینی 10% موچەکانیان دابەشبکرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، میدیای پارتی لە زاری بەرپرسانی حەشدی شەعبی و پەرلەمانتارانی عێراقەوە بڵاویکردەوە کە بەهۆی "فشار و سزاکانی ئەمریکاوە" موچەی مانگی حوزەیرانی ئەندامانی حەشدی شەعبیی ڕاگیراوە.

حەشدی شەعبی، ساڵی 2014 پێکھێنراوە لە دەیان گرووپ و سەدان هەزار چەکدار پێکهاتووە و هەموو 24 مانگێک موچە وەردەگرن.

ش.ح