شارپرێس:
لێکۆڵەرێکی کاروباری سیاسی دەڵێت"بەرزبوونەوەی فشارەکانی ئەمریکا لەسەر پرسی مووچەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنجامی ناڕونییەکی زۆرە لە نێوان دەستەی حەشد وەک دامەزراوەیەکی فەرمی پەسەندکراو لەلایەن پەرلەمان و گروپە چەکدارەکان کە شەرعیەتی یاسایییان نییە و تۆمەتبارن بەوەی هاوسۆزی دەرەکییان هەیە".
عەبدولغەنی غەزبان، لێکۆڵەری کاروباری سیاسی بە ڕۆژنامەی عالەم ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە، کێشەکە پەیوەندی بە حەشدی شەعبیەوە نییە وەک ئۆرگانێکی یاسایی، بەڵکو پەیوەندی بەو گروپانەی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیەوە هەیە، کە بوونیان لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکراوە. ئەم گروپانە ئەوانەن کە ئەمریکا ڕێوشوێنیان لەدژ دەگرێتەبەر.
هەروەها وتی "پێویستە ئۆرگانە سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنییەکان ڕۆڵێکی ڕوون بگێڕن لە چاککردنی ئەم ڕەوشە و خستنەڕووی وێنەیەکی ڕون بۆ جیهان کە هێزەکانی حەشدی شەعبی پەیوەندی بەگروپە چەکدارەکانەوە نییە".
هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بەدەست کێشەی پێناسەی یاسایی و سیاسییەوە دەناڵێنن، کە گروپە چەکدارەکان پەیوەندییان پێوە دەکەن و لە هەمان کاتدا لە دەرەوەی ئەرکی فەرمی کاردەکەن.
ئ.ه