شارپرێس:
ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی ئاشکرایکردوە، جگە لە"گروپی شەباب"، گروپە چەکدارەکان لەباکورو باشوری کەرتی غەززە دژی حەماس چالاکی دەکەن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو گروپانە لەغەززە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەتحەوە سەرپەرشتیدەکرێنو موچەکانیشیان لەدەسەڵاتی فەڵەستین وەردەگرن.
لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی حەماس لەغەززە ڕایگەیاند، یاسر ئەبو شەباب سەرۆکی عەشیرەتێکی چەکداری بەدەوییە، دژایەتی حوکمڕانی ئەو بزوتنەوەیە لەکەرتی فەڵەستین دەکات، بەخۆڕادەستکردنو دادگاییکردن ئاگاداریکردوەتەوەو بەتۆمەتی خیانەتو سیخوڕی تۆمەتباریکرد.
لەڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکە ئاماژە بەوەشکراوە، یاسر ئەبو شەباب، دان بەدەسەڵاتی حەماسدا نانێتو تۆمەتباری دەکات بەزیانگەیاندن بەبەرژەوەندییەکانی غەززەو 10 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی خۆی ڕادەستبکات.
دادگای شۆڕشی غەززە داوای لەفەڵەستینییەکان کردوە، بەرپرسانی ئەمنیی بزوتنەوەی حەماس لەشوێنی ئەبو شەباب ئاگاداربکەنەوە، چونکە تائێستاش لەناوچەی ڕەفحە لەباشوری کەرتی غەززە کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراوە.
حەماس ئەبو شەباب تۆمەتبار دەکات بەتاڵانکردنی بارهەڵگرەکانی هاوکاریی نەتەوەیەکگرتوەکانو دەشڵێت، "لەلایەن ئیسرائیلەوە پاڵپشتیدەکرێت".
دوو سەرچاوەی حەماسو دوو سەرچاوەی ئاگاداری دیکە لەمانگی ڕابردودا بەئاژانسی ڕۆیتەرزیان وتوه، بزوتنەوەکە چەند کەسێکی بۆ کوشتنی ئەبو شهباب ناردوە.
گروپی چەکداری هێزەکانی جەماوەری، بەسەرۆکایەتی ئەبو شەباب، پێشتر بەئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، گروپەکەی هێزێکی جەماوەرییە یارمەتییە مرۆییەکان لەتاڵانکردن لەڕێگەی بارهەڵگرەکانی هاوکارییەوە دەپارێزێت.
ڕەتیکردەوە پشتگیریی لەئیسرائیل وەربگرێت یان پەیوەندیی لەگەڵ سوپای ئیسرائیلدا بکات.
ئەو گروپە حەماسیان بەبەشداریکردنی توندوتیژییو دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان تۆمەتبارکردوە.
ئیسرائیل دەڵێت، "پشتگیریی لەهەندێک خێڵ لەغەززە دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی حەماس، بەبێئەوەی ناوی هیچیان بخاتەڕوو
