شارپرێس:
وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا ڕایگهیاند، "بۆریی نەوتی عێراق - توركیا هیچ كێشەیەكی تەكنیكیی نییە"، دهشڵێت:"بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوانی ڕێككەوتنی هەولێرو بەغداین".
لە25ى 3ى 2023 بەبڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا، بەڵام دوای نزیکەی دوو ساڵ لە13ى 8ى 2025 هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمو وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێم بهگوێرهى میکانیزمێکی تایبەت ڕێککەوتن.
ئالپئارسڵان بایراکتار وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا بەسكای نیوزی وتوه، "بۆریی نەوتی توركیا - عێراق، توانای گواستنەوەی 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەڕۆژێکدا هەیە، بەڵام هیچ کاتێک بەتەواوی توانای خۆی کارینەکردوە".
وتیشى:"توركیا لەڕوی تەکنیکییەوە بەتەواوی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، بەڵام چاوەڕوانی ڕێككەوتنێكی گشتگیریین لهنێوان هەولێرو بەغدادا".
وهزیرى وزهى توركیا ئاشكرایكرد، "بەمدواییانە حکومەتی عێراقمان ئاگادارکردوەتەوە کە ڕێککەوتنی ئێستا چیدیکە لەئاستی چاوەڕوانیدا نییەو وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی وزەی جیهانیی ئەمڕۆ نییە، ئێمە ڕەشنوسی ڕێککەوتنێکی نوێمان بۆ عێراق ناردوەو هاوكات پێداچونەوەش بەداڕشتنی ڕەشنوسە نوێیەکە دەکەین، بەهیواین تیمە تەکنیکییەکان بەمزوانە کۆببنەوە بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنە نوێیەکە".
ئهوهشى وت:"هێڵی بۆریی نەوتی عێراقو تورکیا لە4ى 10ى 2023وە ئامادەیە بۆ کارکردنو هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵام دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەکە پەیوەندیی بەلایەنی تورکیاوە نییە".
