پێشنیازێكى نوێ به‌حه‌ماس ده‌درێت

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3680 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ناوبژیوانانی دانوستانەکانی ئاگربەستی ناڕاستەوخۆ لەکەرتی غەززە پێشنیازێکی نوێیان پێشکەش بەحەماس کردوە کە ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە.


چەند سەرچاوەیەک پشتڕاستیانکردەوە، نوێنەرانی میسرو قەتەر ئەو دەستپێشخەرییە نوێیەیان بەبزوتنەوەکە گەیاند، بەئامادەبونی سەرۆکی چەند کوتلەیەکی فەڵەستینی.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، سەرکردەکانی فراکسیۆنەکان داوایان لەحەماس کردوە، "لەماوەی چەند کاتژمێری داهاتودا وەڵامێک بۆ ئەو پێشنیازە ئامادەبکات".

ئەمەش لەکاتێکدایە کە چالاکییە گشتییەکان لەناو ئیسرائیلدا بەتایبەتی لەلایەن خێزانی دەستگیرکراوەکانەوە هەوڵدەدەن فشاربخەنەسەر حکومەت بۆ ئەوەی بگاتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە هەموان بگەڕێنێتەوەو کۆتایی بەشەڕەکە بهێنێت.

هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەردەوامە لەپێداگریی لەسەر قبوڵنەکردنی هیچ ڕێککەوتنێکی بەشەکی.

جەخت لەوەدەکاتەوە، بەدوای ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەدا دەگەڕێت لەگەڵ مەرجەکانی ئیسرائیل پەیوەست بەچەکداماڵینی حەماس‌و کوتلە فەڵەستینییەکان‌و دڵنیابون لەوەی غەززە لەداهاتودا مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروستناکات.

ئەو پێداگریی دەکات لەسەر ئازادکردنی هەموو دەستبەسەرکراوەکان لەیەککاتداو لەسەر دامەزراندنی دەسەڵاتێک یان دەزگایەکی ئیدارەی کەرتی غەززە کە حەماس‌و دەسەڵاتی فەڵەستین لەخۆنەگرێت.

حەماس لەچەند ڕۆژی ڕابردودا نێوەندگرانی ئاگادارکردەوە لەئامادەیی خۆی بۆ قبوڵکردنی دوایین پێشنیاز کە لەلایەن نێوەندگیرییەکانەوە خراوەتەڕوو بەبێ ئەو هەموارکردنەوەیانەی کە هاوپێچی کردبوو، حەماس‌و سەرکردایەتی دەزگای هەواڵگری میسر زنجیرەیەک دیداریان لەقاهیرە ئەنجامدا.

هەروەها سەرکردەکانی هەندێک وڵات کۆبونەوەیانکرد بۆ تاووتوێکردنی پێشخستنی هەر ڕێککەوتنێک بۆ پوچەڵکردنی پلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە، میسر بەهەماهەنگی لەگەڵ قەتەر هەوڵدەدات بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنێکی کاتی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ کە لەو ماوەیەدا 10 ئیسرائیلی زیندوو و ژمارەیەک تەرم ئازاد دەکرێن. پاشان دانوستانی دەستبەجێ بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر دەکرێت، کە ڕێککەوتن لەڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لەکەرتی غەززە مسۆگەردەکرێت.