شارپرێس:
ئیبتیسام هیلالی پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندوە، جوڵەیەک لەناو پەرلەمانی عێراقدا هەیە بۆ کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئەوەی لەنزیکترینکاتدا دانیشتنێک ئەنجامبدرێت بۆ دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی.
هیلالی وتویهتى، ژمارەی واژۆكان 100 پەرلەمانتاری تێپەڕاندوەو داواکارییەکە پێشکەش بەسەرۆکایەتیی ئەنجومەن دەکرێت بۆ دیاریکردنی وادەیەکو ئاگادارکردنەوەی پەرلەمانتاران لەئەنجامدانی دانیشتنی دەنگدان.
جەختی لەوەکردوهتەوە، یاسای حەشدی شەعبی یەکێکە لەیاسا گرنگەکانو پێداگریکردوە لەسەر پێویستی پەسەندکردنی، هەروەک دژایەتیی دەستێوەردانی دەرەکییو ئەو دەنگانەی کردوە کە ڕێگرن لەدەنگدانو ناوزڕاندن بەحەشدی شەعبی.
پهرلهمانى عێراق لەدانیشتنی 13ی ئابی 2025وە توشی پەککەوتن بوە کە لەوکاتەدا ناکۆکییەکی ئاشکرا لەنێوان مەحمود مەشهەدانی سەرۆکو موحسین مەندەلاوی جێگرەکەی، لەسەر مافی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە سەریهەڵدا، ئەمەش بوە هۆی پەکخستنی دانیشتنەکانی تاووتوێکردنی یاسا دیارەکان، لەنێویاندا یاسای حەشدی شەعبی.
پێشتریش پەرلەمانتار جەواد یەساری ڕایگەیاندبوو، هیچ ڕێنماییەک لەسەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە یان وادەیەکی ڕاستەقینە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنە بڕیارلێدراوەکان بۆ تاووتوێکردنو دەنگدان لەسەر ژمارەیەک یاسای گرنگ، لەنێویاندا یاسای حەشدی شەعبی، نییە.
