شارپرێس:
بهگوێرهى ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەی تایبەتەوە دەست شارپرێس کەوتوه، تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیو پۆڵادی براییو هاوڕێکانی دیكهیان، لەنوسراوێکدا بۆ دادوەری لێکۆڵێنەوەی ئاسایشی سلێمانی وێڕای نیشاندانی نیگەرانی خۆیان لەوەی کە چەندجارێکی دیكه وەڵامی داواکەیان نەدراوەتەوە، ئێستاش جارێکی تر داوادەکەن، دۆسیەکەی لاهور شێخ جەنگیو براو هاوڕێکانیان ببیننو بزانن وردەکاریی دۆسیەکە چۆنە، بەڵام تائێستا دادوەری لێکۆڵێنەوەی دۆسیەکە وەڵامی داواکەی نەداونەتەوە.
بهگوێرهى ئەو نوسراوانەی دەست شارپرێس کەوتونو پارێزراون، تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیو براو هاوڕێکانی، لەنامەیەکدا کە لەژێر ناونیشانی "جەختکردنەوەدا" ئاراستەی دادوەری لێکۆڵێنەوەی ئاسایشیان کردوە وتویانە، "مەعقول نییە دوای 20 ڕۆژ لەدەستگیرکردنی بریگرتەکانمان، نەزانین ئیفادەو وتەکانیان چییەو کێ سکاڵاکارە لەدۆسیەکەدا".
ئهو نوسراوەی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی ئەوە دەردەخات، تائێستا کەسی سکاڵاکار نادیارەو نازانرێت کێ سکاڵای لەسەر تۆمارکردون.
کۆتا داواکاریی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بۆ دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش کە وێنەیەکی ئاراستەی هەریەک لەدەستەی مافی مرۆڤو سەرۆکی دادگای ئیستیئنافی سلێمانیو سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەرییو داواکاری گشتیی هەولێرو سلێمانی کراوەو لەڕۆژی 8ى ئهم مانگه نوسراوە، واژۆی 11 پارێزەری پێوەیە، ئاماژەی بەوەکردوە، بهگوێرهى یاسا مافی تۆمەتبارە کە لەدوای 24 کاتژمێر لەدەستگیرکردنی تەواوی وردەکاری دۆسیەکەی پێ بوترێتو ڕێگەبدرێت پارێزەرەکەشی ئەگەر یەک کەس بێت یان تیم بێت، وردەکاریی دۆسیەکەی بخرێتە بەردەست کە تۆمەتبار بە چ مادەیەک دەستگیرکراوەو کێ سکاڵاکارەو تۆمەتەکەی چییە.
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی ئەوەی کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر دۆسیەکە پێنەدراوە باس لەوەدەکەن، شاردنەوەی زانیاریەکانی دۆسیەکە لەوان لەکاتێکدایە کە کەناڵێکی حزبی، تەواوی کارئاسانی بۆ کراوە کە زانیاریی بگوازێتەوەو دانپێدانان بڵاوبکاتەوە کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوە دادەنێت.
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لەنوسراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەکردوە، بەگوێرهى مادەی 17 لەیاسای ساڵى 1999 تیمی پارێزەران مافی ئەوەیان هەیە بریگرتەیان ببیننو وردەکاریی دۆسیەکەیان بخرێتە بەردەم کەسی سکاڵاکارو تۆمەتو مادەی فەرمانی گرتنەکەیان بۆ ئاشکرابکرێت نەک وەک ئەوان وتویانە ئەوەی لەمیدیاو کەناڵی حزبییەوە وردەکاریی بەشێک لەدۆسیەکە ئاشکرابکرێت بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتییو کاریگەریی دروستکردن لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوە.
شارپررێس بەدواداچونی بۆ بابەتەکە کردو بەگوێرهى زانیارییە بەدەستهاتوەکان تائامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەش دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش نە وەڵامی داواکاریەکەی تیمی پارێزەرانی داوەتەوە نە ڕێگەیداوە ئیفادەو دۆسیەکەی لاهور شێخ جەنگی پیشانی هیچکام لەپارێزەرەکانی بدرێت.
