شارپرێس:
ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران ڕوحوڵڵا نەجابەت ڕایگەیاند، پێکهاتەکانی میحوەری خۆڕاگری لە ئێران، لوبنان، یەمەن و عێراق ئاستی ئامادەیی خۆیان بۆ پلەیەکی بێ وێنە بەرزکردۆتەوە بۆ بەرگریکردن لە گەلانی ناوچەکە و خۆئامادەکردن بۆ هەر دەستدرێژییەکی ئەگەری ئیسرائیل.
نەجابەت لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاند "هەندێک لەو ڕووداوە کتوپڕانەی کە ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی پێشوودا تووشی بووە، لەقۆناغی دووەمدا دووبارە نابێتەوە".
دەشڵێت، ڕەنگە لە شەڕەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هەندێک کەمتەرخەمی بووبینەوە، بەڵام ئێستا گومانی تێدا نییە کە هەر هەڵەیەکی نوێ کە ئیسرائیل ئەنجامی بدات، شەڕی داهاتوو دەکاتە دواهەمین هەڵەی خۆی.
ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە جەختی لەوە کردەوە کە "پێکهاتەکانی میحوەری خۆڕاگری لە ناوچەکەدا لە ئێران، لوبنان، یەمەن و عێراق ئاستی ئامادەیی خۆیان بۆ ئاستێکی بێ وێنە بەرزکردووەتەوە"، ڕوونیشیکردەوە کە "هەموو تواناکان ئێستا ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە گەلانی ناوچەکە و ئامادەکاری بۆ هەر دەستدرێژییەکی گەورەتر لە پێشووتر".
ئ.ح