به‌فر ڕێگه‌ى نێوان چه‌ند شارێكى كوردستان داده‌خات

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4769 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەفربارین لەملەی تەتە، ڕێگەی نێوان شارەکانی پاوەو مەریوانی لەپارێزگاکانی سنەو کرماشانی داخست، به‌رپرسێكى باڵاى ئێرانیش ده‌ڵێت، "به‌فرێكى زۆر باریوه‌".


محەممەد شەبرەندی بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی سەوڵاوا لەپارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێكى زۆر لەملەی تەتە کە دەکەوێتەسەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی پاوە-مەریوان، ئەو رێگەیە داخراوە.
 
وتوشیه‌تى، "بەهۆی نەبونی سەلامەتیی ڕێگەوبان، لەوانە تەم‌و مژێکی زۆر، نەبونی مەودای بینینی پێویست، هەروەها بەردەوامبونی بارینی بەفر، بڕیاریانداوە ڕێگەکە تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە دابخرێت".
 
بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی سەوڵاوا، داوا لەخەڵکی ناوچەکەش دەکات، ڕێگەی سەوڵاوا-هەجیج - هەورامان - ژاڵانە وەکو ڕێگەی جێگرەوە بەکاربێنن.
 
بەوتەی محەممەد سەبرەندی، دوبارەکردنەوەی ملەی تەتەو ڕێگەی نێوان پاوە-مەریوان بەندە بەباشتربونی بارودۆخی کەشوهەواو دڵنیابون لەسەلامەتی ڕێگەکە.
 
ملەی تەتە پارێزگاکانی سنەو کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوەو لەنێوان شارەکانی پاوەو مەریوان هەڵکەوتوەو ساڵانە بەفری زۆری لێ دەبارێت، بەهۆی بارینی بەفری زۆرو سەختیی ناوچەکە، هەروەها مەترسیی ڕەنوەبەفر، رێگەکە هەموو ساڵێک لەوەرزی پاییزدا دادەخرێت‌و لەوەرزی بەهاردا دەکرێتەوە.
 
چوار کیلۆمەتری ڕێگەی ملەی تەتە دەکەوێتە سنوری پارێزگای سنەو 17 کیلۆمەتریشی دەکەوێتە پارێزگای کرماشان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان.