ئێران لەڕێگه‌ی بن سەلمانەوە پەیامێکی گەیاندوه‌تە ترەمپ

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2500 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی سیاسی نزیک لەحکومەتی ئێران ئاشکرایکردوە، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، لەسەردانەکەیدا بۆ کۆشکی سپی، پەیامێکی مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێرانی گەیاندوەتە دۆناڵد ترەمپ.


بەگوێرەی سەرچاوەکە کە قسەی بۆ پێگەی "بەغداد ئەلیەوم" کردوە، پەیامەکە بەڕەزامەندیی ڕێبەری باڵای ئێران عەلی خامنەیی نێردراوەو تێیدا ئامادەیی تاران بۆ گفتوگۆی "بێ مەرج"و دانیشتن لەگەڵ واشنتۆن دەربڕدراوە، بەو مەرجەی گفتوگۆکان ڕاستگۆیانەبن‌و دوربن لەسەپاندنی مەرج.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، وەڵامی ترەمپ ئەرێنی بوەو باس لەئەگەری ڕێکخستنی دانوستان کراوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، جەختیشکراوەتەوە، ئێران بەدوای شەڕدانییە.

لەبەرامبەردا، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو هەواڵانەی ڕەتکردوه‌تەوە کە باس لەوەدەکەن، تاران داوای لەسعودیە کردبێت بۆ زیندوکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان نێوەندگیریی بکات.

بەقایی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نامەکەی پزیشکیان بۆ بن سەلمان تەنها "نامەیەکی سوپاسگوزاری" بوە پەیوەست بەگەڕانەوەی حاجیانی ئێران‌و بابەتی نێوەندگیریی لەئارادا نییە.

ناوبراو هۆکاری وەستانی دانوستانەکانی بۆ "نەبونی جددیەت" لەلایەن ئەمریکاوە گەڕاندەوە.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە ئاژانسی ڕۆیتەرز پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئێران داوای دەستێوەردانی سعودیەی کردوە بۆ زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنەکان.