شارپرێس:
ئەمڕۆ لیژنەی کاروباری دەرەوە و ئاسایشی کنێستی ئیسرائیل تاوتوێی پەرەسەندنی توندوتیژی دژی دروزەکانی لەسوریا کرد کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆ گیانلەدەستدان و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و ئاوارەبوونی هەزاران کەس.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی دەرەوە ئامادە بوون.
بەشی یەکەمی دانیشتنەکە بە ئاشکرا بەڕێوەچوو، بەشی دووەمیش بە دانیشتنی داخراو بەڕێوەچوو بۆ بەدواداچوون بۆ وردەکارییەکانی دۆخەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
بوعاز بیسموت ئەندامی کنێست جەختی لەسەر پشتیوانی ئیسرائیل بۆ کۆمەڵگەی دروز کردەوە و ڕایگەیاند؛ "دەوڵەتی ئیسرائیل قەرزاری دروزەکانە، چ پێش ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەم و چ دوای ڕووداوەکانی ئەو کاتە. دۆخی سوەیدا زۆر دوورە لە چارەسەرکردن، هەموومان ئاگاداری ئەو دۆخە پڕ مەترسییەین کە لەوێ هەیە"
لای خۆیەوە، سەرکردەی ڕۆحی کۆمەڵگەی دروزەکان لە ئیسرائیل، شێخ مۆفەق تریف، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی بە دڕندەیی هاوشێوەی هۆلۆکۆست وەسف کرد و ئاماژەی بە ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس و دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس کرد کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.
داوای لە ئیسرائیل کرد هاوکارییە مرۆییەکان چڕتر بکاتەوە و وەڵامی خراپبوونی دۆخەکە بداتەوە.
بیسموت لە کۆتایی دانیشتنەکەیدا وتی "ئەحمەد شەرع بە بڕوای من سەر بە توندڕەوەکانە و بەرپرسە لە کارەکانی بەرامبەر دروزەکان".
ئ.ح
