شارپرێس:
وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیەنێت، ماوەی سێ ڕۆژە بەهۆی چاکسازییەوە هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق بەتەواوی وەستاوە و چوار ڕۆژی دیکە دەستپێدەکاتەوەو دەشڵێت، بۆ ئەوەی کارەبا کەم نەبێتەوە پەنا بۆ سوتەمەنیی یەدەگ براوە.
ئەمڕۆ ئێران بەنوسراوی فەرمی، وەزارەتی کارەبای عێراقی ئاگادارکردوەتەوە کە بەهۆی کاری چاکسازی لەبۆریی گواستنەوەی غاز لەناو خاکی ئێران، هەناردەی غاز بۆ ماوەی هەفتەیەک بەتەواوی دەوەستێت، تاوەکو ئێستا سێ ڕۆژ بەسەر وەستانی غازەکەدا تێپەڕیوەو بڕیارە دوای چوار ڕۆژی دیکەو تەواوبونی چاکسازییەکان، هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە.
لەبەرامبەردا، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند،" وەزارەتی کارەبا بۆ ئەوەی ڕێگە لەکەمبونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بگرێت، پەنای بۆ بەکارهێنانی سوتەمەنیی بەدیلی خۆماڵی بردوە بۆ وێستگەکان، بەڵام ئەم چارەسەرە وێستگەکانی (مەنسورییە، سەدری غازی و بەسمایە) ناگرێتەوە، چونکە ئەو وێستگانە تەنیا لەسەر غاز کاردەکەن."
دەشڵێت، عێراق بۆ بەگەڕخستنی دوو لەسەر سێی وێستگەکانی کارەبا، پشت بەهاوردەی غازی ئێرانی دەبەستێت و ئەمریکاش بەردەوامە لەگوشارەکانی تاوەکو عێراق لەدابینکردنی وزە سەربەخۆ بێت، بۆیە بەخشینەکانی کڕینی غازی ئێرانی لەسەر عێراق هەڵگرت.
