ئەمریكا دڵنیایی بەسەرجەم وڵاتە ئەوروپییەكان دەدات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیدارەی ئەمریكا گرەنتی بەهاوپەیمانەكانی لەئەوروپا دەدات و دەڵێت، دڵنیایان دەكەینەوە كە دانوستانەكانی تایبەت بەچارەسەركردنی پرسی ئۆكراینا، یەكێتی ئەوروپا ناگرێتەوە".


ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە، ماركۆ ڕۆبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ بەپرسانی باڵای ئەوروپاو ئۆكراینا، كە چەند ڕۆژی رابردوو لەشاری جنێڤ بەڕێوەچوو، دڵنیایی تەواوی بەوڵاتانی ئەوروپای هاوپەیمانی واشنتۆن داوە دانوستان لەبارەی كۆتایی هێنان بەشەڕی ئۆكراینا هیچ پەیوەندییەكی بەیەكێتی ئەوروپاوە نابێت.

ڕۆژنامەكە بەپشتبەستن بەسەرچاوەكانی لەناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەوەشی خستوەتەڕوو، ڕۆبیو بەبەرپرسانی ئەوروپای ڕاگەیاندوە، هەر جۆرە ڕێككەوتنێك لەبارەی ئۆكراینا، كاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرژەوەندییەكانی هاوپەیمانە ئەوروپاییەكانی ئەمریكا نابێت و ئەو پرسانەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەناتۆ و وڵاتانی ئەوروپا، باسیان لەبارەوە ناكرێت.

ئەم دڵنیایی پێدانەی واشنتۆن لەدوای ناڕەزایی دەربڕینی سەرانی وڵاتانی ئەوروپای هاوپەیمانی ئۆكراینا دێت بەرامبەر ناوەڕۆكی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئاشتی لەئۆكراینا و كۆتایی هێنان بەجەنگ، كە پێیان وابوو بڕگەكانی ناو پلانەكە لەبەرژەوەندی ڕووسیادایەو دەوڵەتی ئۆكراینای لەقاڵب داوە، داواشیان كردبوو دەستكاریی ڕێككەوتنەكە بكرێت و ژمارەی بڕگەكانی لە 28 بڕگەوە بۆ 19 بڕگە كەمبكرێتەوە.