شارپرێس:
ئهمڕۆ لەهۆڵی ئاشتی لەشاری سلێمانی، کۆنفرانسی باڵی کوردساتی بزوتنەوەی گۆڕان بهڕێوهدهچێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی باڵی کوردساتی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆنفرانسەکە بەسەرپەرشتیی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، فەرمانگەی پارتو ڕێکخراوە سیاسییەکان، ئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمو سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
باڵی کوردساتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشیخستوەتەڕوو، "ئەو هەڵسوڕاوانەی مافی بەشدارییو ناویان لەلیستی دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، دەست لەناو دەست، ناکۆکییەکان وەلابنێنو لەپێناو سەرپێخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، هۆڵی ئاشتی بکەنە وێستگەی گۆڕانکارییو نوێبونەوەو بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن".
لەبەرامبەر بەستنی کۆنفرانسی باڵی کوردسات، بزوتنەوەی گۆڕان باڵی گردی زەرگەتە، پەیامێکی بۆ ڕاى گشتى بڵاوکردوەتەوەو ڕایگەیاندوە، پێشتر لەڕۆژى 5ى نیسانی 2025، بزوتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسى دامەزراندنى بەڕێوەبردوە، هەربۆیە بەیاسایی داواى پەسەندکردنى کۆنفرانسە دەکاتو چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنیش دەکات.
هەروەها ڕەخنەیگرتوەو دهڵێت:"سەرەڕای بەستنی کۆنگرە، کەچی بەبڕیارێکى کۆمسیۆن کۆنفرانسێکى نوێ دەکرێت، هەربۆیە لەڕوى یاساییەوە تا وەڵامى کۆنفرانسی 5ی ئەم مانگە وەرنەگرێتەوە، کۆنفرانسەکە خەوشى قانونی لەسەرەو دڵنیاین ئهمڕۆ ڕێژەی یاسایی کۆنفرانسەکە تەواو نابێت".
باڵی زەرگەتەی گۆڕان ڕاشیگەیاندوە، بەگوێرەى یاسا دەبێت 1064 کەس لەئەندامانى دەستەى گشتیى بەبەڵگەنامەی فەرمیی ئامادەبن، بۆیە بەرپرسیارێتى یاسایی سەبارەت بهڕێژەى یاسایی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانو دەبێت خۆی لەهەر دەستێوەردانێکی نایاسایی بەدوربگرێت.
