مه‌زڵوم عه‌بدى: 14 ساڵه‌ شه‌ڕده‌كه‌ین‌و 13 هه‌زار شه‌هیدمان داوه‌

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 13318 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەزڵوم عەبدی لەکۆنفرانسی یەکڕیزیی‌و یەکهەڵوێستیی کورد ڕایگەیاند، "14 ساڵه‌ شه‌ڕده‌كه‌ین‌و 13 هه‌زار شه‌هیدمان داوه‌"، ده‌شڵێت:"گۆڕانكاریى گه‌وره‌ له‌سوریا ڕویداوه‌و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌و مێژویى بۆ گه‌لى كورد له‌سوریا هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌، ئه‌ركى سه‌ره‌كیشمان پاراستنى ناوچه‌ى باكورو باكورى ڕۆژهه‌ڵاتى سوریایه‌".


مه‌زڵوم عه‌بدى له‌وتارى ده‌ستپێكى كۆنفرانسدا په‌یامێكى خوێنده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "سوپاسی كاك مه‌سعود بارزانی دەکەین‌و هەوڵەکانی کاک نێچیرڤان بارزانی‌و کاک بافڵ تاڵەبانیش لەبیر ناکەین".
 
عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاشیگه‌یاند، "ئێمە لە 14 ساڵی ڕابردودا یەکێتیی خاکی سوریامان پاراست‌و له‌و پێناوه‌شدا 13 هه‌زار شه‌هیدو به‌هه‌زاران بریندارمان به‌خشى، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ کۆنفرانسەکە دەکەینە دیاری بۆ شەهیدەکانمان".

سه‌باره‌ت به‌توركیاو سوریاش جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئێمە وەکو گەلی ڕۆژئاواى كوردستان، پشتگیریی پرۆسەی ئاشتی دەکەین، له‌سوریاش گۆڕانكاریى گه‌وره‌ ڕویداوه‌و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌و مێژویى بۆ گه‌لى كورد له‌سوریا هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت ڕایبگه‌یه‌نین، ئه‌ركى سه‌ره‌كیمان پاراستنى ناوچه‌ى باكورو باكورى ڕۆژهه‌ڵاتى سوریایه‌".

ئه‌وه‌شى وت:"به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانمان بپارێزین، هه‌ربۆیه‌ ده‌مانه‌وێت كورد به‌شاندێكى هاوبه‌ش بچێته‌ دیمه‌شق، هیوادارین ئه‌م كۆنفرانسه‌ سه‌ره‌تاى كارى هاوبه‌ش بێت، چونكه‌ یه‌كگرتویى كورد یه‌كگرتویى سوریایه‌و هێزى كورد هێزى سوریایه‌".