ئه‌مریكاو ڕوسیا له‌باره‌ى ڕێكه‌وتنى كوردو شه‌رعه‌وه‌ په‌یامیان بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4660 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوێنەری ئەمریکا لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێت، وڵاتەکەی چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و حکومەتی نوێی دیمەشق دەکات، نوێنەری ڕوسیاش هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ کورد بۆ "تێكەڵبونەوەی سوریا لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" بەیارمەتیدەر دەبینێت.


15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش ڕۆژی هەینی، لەکۆبونەوەیەکی تایبەت بەدۆخی سوریا، بەبایەخەوە باسیان لەڕێککەوتنەکانی نێوان دیمەشق‌و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد.
 
دۆرۆسی شیا هەڵسوڕێنەری کاروباری نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریکا لەنەتەوەیەکگرتوەکان وتی، "به‌رده‌وامین له‌چاودێریکردنی جێبه‌جێکردنی ڕێککه‌وتنی 10ی ئادار له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی سوریای دیموکرات‌و چۆنێتیی بەرەوپێشچونی وردەکارییەکانی ڕێککه‌وتنه‌کە".
 
بەگوێرەی ڕێککەوتنە کە لەدیمەشق لەلایەن مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدەو ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری قۆناغی ڕاگوزەری سوریا واژۆکرا، هەموو دامەزراوە سەربازی‌و مه‌ده‌نیه‌كانى سەر بەبەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەخرێنەسەر حکومەتی ڕاگوزەری سوریا، لەسەرتاسەری وڵات ئاگربەست ڕادەگەیه‌ندرێت، دان بەمافەکانی کورددا دەنرێت، نوێنەری هەموو پێکهاتەکان لەحکومەتدا بەشداردەبن، ڕێگە بەگەڕانەوەی ئاوارەکان دەدرێت، لەنێویاندا بۆ عەفرین، هەروەها هەسەدە لەڕوبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی بەشار ئەسەد پشتیوانی لەحکومەتی نوێ دەکات.
 
لەچوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا، سەرەتای ئەم مانگە سەدان شەڕڤان گەڕەكه‌ زۆرینە کوردنشینەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەی حەلەبیان جێهێشت.
 
شیا لەوبارەیەوە وتی:"شێوازی رێککه‌وتنەکەی حه‌له‌ب‌و تێکه‌ڵکردنی ئاشتییانه‌ی هێزه‌کانی حکومه‌تی کاتی‌و هێزه‌کانی سوریای دیموکرات ئاماژەی دڵخۆخشکەری بەرەوپێشچونن".
 
10ی ئەم مانگە، هەسەدەو دیمەشق ڕێککەوتنێکی دیکەیان کرد بۆ ئەوەی هێزە زۆرینە کوردییەکە لەبەنداوی تشرین لەسەر ڕوباری فورات لەڕۆژهەڵاتی حەلەب بکشێتەوە، بەنداوەکە هەر لەدوای ڕوخانی ئەسەدەوە، شەڕو پێکدادانی خوێناوی لەنێوان هەسەدەو گروپی سوپای نیشتمانیی سوریا بەخۆیەوە بینیبوو.
 
نوێنەری ئەمریکا وتی، "چاوەڕێی پێشکه‌وتنی هاوشێوه‌ له‌بارەی به‌نداوی تشرین، عه‌فرین‌و دێرەزور دەکەین، پێویستە جێبه‌جێکردنی ڕێککەوتنەکان بمانگه‌یه‌نێته‌ پێکهاتەیەکی یه‌کگرتوی ئاسایشی وڵات‌و چوارچێوه‌یه‌ک که‌ دڵنیامان بکاتەوە لەوەی چەکدارانی داعش لەزینداندا دەمێننەوە".
 
لەلایەکی دیکەوە، ڤاسیلی نێبێنزیا باڵیۆزی ڕوسیا لەنەتەوەیەکگرتوەکان نیگەرانیی وڵاتەکەی دەربڕی سەبارەت بەدۆخی ئەمنیی سوریاو وتی، "نیگەرانین کە شەڕو پێکدادانی نێوان سوپای نیشتمانیی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامە، وێڕای ئەوەی ڕێککەوتن کراوە کە هەردوو هێزەکە بخرێنە نێو هێزە چەکدارە نیشتمانییە نوێیەکانی سوریا".
 
ئه‌وه‌شى وت:"ئەو پێشکەوتنە بەرز دەنرخێنین کە لەگفتوگۆی نێوان حکومەتی سوریاو کورددا بەدیهاتوە، لەنێویدا ڕێککەوتنی ڕادەستکردنی گەڕەکی شێخ مەقسود لەحەلەب‌و بەنداوی تەبقا لەسەر ڕوباری فورات‌و پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بەگوێره‌ى ئەو ڕێککەوتنەی لە 10ی ئادار لەلایەن ئەحمەد شەرع‌و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدەوە لەدیمەشق واژۆکراوە".
 
باڵیۆزی ڕوسیا بۆچونى وابوو، "دروستکردنی هاوئاهەنگیی سەرکەوتوو لەگەڵ کورد، لەتێکەڵبونەوەی سوریا لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر دەبێت‌و پەیامێکی ئەرێنی دەبێت بۆ پێکهاتە ئایینی‌و نەتەوەییەکانی دیکە".