شارپرێس:
سهرۆكى ئهمریكا زانیارییهكى گرنگ لهبارهى دانوستانهكانى تایبهت بهغهززه ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "ئێران بەشداریی لەدانوستانەکانی غەززە دەکات"، دوو بەرپرسی ئەمریکاو سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگاداریش لەو بابەتە زانیاریى زیاتریان ئاشكراكردوه.
لهوبارهیهوه ئاکسیۆس ئاشكرایكردوه، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو تەواوی تیمی سیاسەتی دەرەوەی، لەکامپ دەیڤد، بۆ چەند کاتژمێرێک کۆبوونەوەو ستراتیژی ئەمریکا سەبارەت بەقەیرانی ئەتۆمی ئێرانو شەڕی غەززەیان تاووتوێکرد.
پێگه لهزارى بهرپرسێكى باڵاى ئهمریكاوه ئهوهى ڕونكردوهتهوه، ترەمپ هەردوو قەیرانەکە (پرسی ئەتۆمی ئێرانو شەڕی غەززە) بەیەک كێشه دەزانێتو هەوڵی پلانو داڕشتنێكى نوێ دەدات.
بەرپرسه ئەمریکیهكه ڕایگەیاندوه، "هەوڵەکان بۆ ڕازیکردنی حەماس بۆ نەرمکردنی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەپێشنیازی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، هەندێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بەهۆی فشارەکانی ناوبژیوانانی قەتەر، ئێمە چاوەڕوانی پێشکەوتن لەم هەفتەیەدا ناکەین، بەڵام بەدڵنیاییەوە پێشکەوتن هەیەو لەڕێککەوتنەوە نزیکتر بوین".
لهلایهكى دیكهوهو بهگوێرهى ئاژانسی ڕۆیتەرز، ترەمپ دوێنێ دوشەممە لەکۆشکی سپی بەڕۆژنامەنوسانی وتوه، "ئێران بەشداریی لەدانوستانەکاندا دەکات، ئامانجیش لێی ڕێکخستنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیلو حەماسە لەغەززە لەبەرامبەر ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لەلایەن بزوتنەوەکە لەناو کەرتی غەززە دەستیان بەسەرداگرتوەو تائێستا ئازاد نهكراون".
وهكو وتوشیهتى، "ئێستا غەززە لەناوەڕاستی دانوستانێکی گەورەی نێوان ئێمەو حەماسو ئیسرائیلدایەو ئێرانیش لەئێستاوە بەشدارەو بزانین ئێران چیمان بۆ دەکات لەغەززە، ئێمە دەمانەوێت بارمتەکان بگەڕێنەوە".
میدیاى ئیسرائیلى بڵاویكردوهتهوه، پێشبینیدەکرێت لەچەند ڕۆژی داهاتودا حەماس وەڵامی ئەو پێشنیازە بداتەوە کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکاوە پێشکەشکراوە، ئەمەش بەهۆی ناوبژیوانی قەتەر کە باوەڕیان بەوە هەیە فشارخستنەسەر بزوتنەوەکە دەتوانێت ببێتە هۆی پێشکەوتن لەوەستاندنی شەڕی غەززە.
لهو ڕوهشهوه بەرپرسانی قەتەر گەشبینی خۆیان دەربڕیوه کە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو دەبێتو دەتوانرێت پێشکەوتن لەدانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە بەدەستبهێنرێت.
پێشنیارەکەی ویتکۆف داوای ئاگربەستی 60 ڕۆژە دهكات لهگهڵ ئاڵوگۆڕی 28 کەس لەکۆی 56 بارمتە کە هێشتا لەغەززە بەزیاتر لە 1200 زیندانیو دەستبەسەرکراوی فەڵەستینی بگۆڕدرێتەوە، هاوکات لەگەڵ چونە ژورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.
ش ـ هـ