شارپرێس:
تادێت دۆخى ویلایه‌تى لوس ئه‌نجلس زیاتر به‌ره‌و گرژیى ده‌چێت، سەرۆکی ئەمریکاش بۆ هێوركردنه‌وه‌و خۆپیشاندانه‌كان، نزیکەی دوو هەزار پاسەوانی نیشتیمانی دیکەو 700 سەربازی هێزی دەریایی ڕه‌وانه‌ى ئه‌و ویلایه‌ته ده‌كات.
سین پارنێل وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشكرایكردوه، بۆ هێورکردنەوەی خۆپیشاندانەکان، دۆناڵد ترەمپ فەرمانیکردوە دوو هەزار پاسەوانی نیشتیمانی دیکە ڕه‌وانه‌ى لۆس ئەنجلس بكرێن، له‌كاتێكدا، ئێستا زیاتر لەچوار هەزارو 100 پاسەوانی نیشتیمانی له‌و ویلایه‌ته بڵاوەیان پێكراوه.
پێشتریش وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا نزیکەی 700 سەربازی هێزی دەریایی ناردوتە لۆس ئەنجلس بۆ ئەوەی له‌گه‌ڵ ئەفسەرانی دیکەى ویلایه‌ته‌كه، دۆخه‌كه هێمن بکەنەوەو كۆنترۆڵى گرژییه‌كان بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه جیم ماکدۆنێڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی لۆس ئەنجلس ڕونكردنه‌وه‌ى بۆ میدیاكان داوه‌و وتویه‌تى، ئه‌وان لەئامادەباشیدان.
جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، پشتگیریی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە دەکەن، بەڵام هەرکەسێک ئاژاوەو توندوتیژی بنێتەوەو هێرشبکاتەسەر ئەفسەران، ئەوە دەستگیردەکرێت.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى گرژییه‌كانى ئه‌و ویلایه‌ته‌دا، ڕۆب بۆنتا داواکاری گشتیی ویلایەتی کالیفۆرنیا دوێنێ دوشه‌ممه، سکاڵای یاسایی لەسەر ئیدارەی ترەمپ تۆمارکردو جێگیرکردنی پاسەوانی نیشتمانی بەنایاسایی ناوبرد‌و ئیدارەی ترەمپی بەپێشێلکردنی سەروەریی ویلایەتەکە تۆمەتبارکرد.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، پێشتریش گاڤین نیوزۆم حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕایگەیاندبوو، بڕیارە سکاڵا لەسەر دۆناڵد ترەمپ تۆماربکات، بەهۆی ئەوەی زیادەڕۆیی لەدەسەڵاتی فیدراڵی کردوە.
ش ـ هـ