شارپرێس
نوێنەری سکرتێری
گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، دەبێت هەولێر و بەغداد بە گفتوگۆ کێشەکانیان
چارەسەر بکەن و جەختیکردەوە، کە دەبێت عێراق لە ناوخۆی خۆیدا دادپەروەری
بچەسپێنێت.
محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری
سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پابەندە
بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
نوێنەری سکرتێری
گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە ٨٠٠ هاوڵاتی عێراقی لە باکوری
رۆژهەڵاتی سوریاوە گەڕاونەتەوە عێراق، پێویستە پشتیوانی ئەو پرۆسەیە بکرێت.
جەختیکردەوە، کە
پێویستە کاربکرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و وتی: تائێستا زیاتر لە
١٠٠ هەزار ئێزدی لە کەمپەکاندان، جگەلەوەی ژمارەیەکیان نەدۆزراونەتەوە.
محەمەد ئەلحەسان
وتیشی: دەبێت کاربکرێت بۆ ئەوەی ئێزدییەکان بە شکۆمەندانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دەبێت
حکومەتی عێراق قەرەبویان بکاتەوە.
راشیگەیاند، عێراق
لە قۆناغێکی گرنگدایە و دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت و
دادپەروەری لە ناوخۆی وڵاتدا جێبەجێ بکات.
لەبارەی
پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداوە وتی: پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندی
هاوبەشییە، دەبێت هەولێر و بەغداد بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
س.س
