شارپرێس:
عیال زەمیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تۆکمەی دژی ئێران دەستپێکردوە بەئامانجی نەهێشتنی مەترسییە پەرەسەندوەکانی ئێران، جەختیشی لەوەکردەوە، ئیسرائیلییەکان دەبێت خۆیان بۆ شەڕێکی "درێژخایەن"و ئاڵۆز ئامادە بکەن.
بەگوێرەی رِۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" زەمیر رِایگەیاندوە، ئێران ساڵانێکە کاردەکات بۆ داڕشتنی پلانێکی ڕون بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل، لەچەند مانگی ڕابردوشدا گەیشتوەتە "توانای ئۆپەراسیۆنی تەواو"، ئەمەش پێویستی بەوەڵامدانەوەی سەربازیی پێشوەختە هەیە.
ڕونیشیکردوةتەوە، پڕۆسەکە دوای ئەوە دەستیپێکردوە کە ئێران خاوەنی نزیکەی دوو هەزارو 500 موشەکی زەوی بەزەویی بوە، پێشبینیشدەکرێت ژمارەکە لەماوەی تەنها دوو ساڵدا بۆ هەشت هەزار موشەک بەرزبێتەوە.
جەختی لەوەکردوةتەوە، دواخستنی هێرشەکە دەبوە هۆی لەدەستدانی "مەرجێکی ستراتیژیی نمونەیی"و دابەزین بۆ هێرشێک لەپێگەی لاوازەوە.
بەوتەی زەمیر، هێرشەکانی سەرەتای پڕۆسەکە ئامانجی گرنگیان بەدیهێنا، دیارترینیان لەناوبردنی سەرکردایەتیی باڵای دوژمنء لەناوبردنی نیوەی شوێنی هەڵدانی دوژمنء لێدانی پێکهاتە سەرەکییەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانء کردنەوەی ڕێڕەوێکی ئاسمانیی بۆ تاران.
دوپاتیشیکردوەتەوە، سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ هەموو سیناریۆکان، بەڵام هۆشداریشیدا لەوەی "هێشتا هێرشە سەربازییەکە کۆتایی نەهاتوە.
