شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل، کوژرانی بێهنام شەهریاری فەرماندەی یەکەی گواستنەوەی چەکو تەقەمەنی لەفەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ڕاگەیاند.
لەڕاگەیاندراوی سوپای ئیسرائیلدا هاتوە، "شەهریاری لەڕۆژئاوای ئێرانو لەشوێنێک کە هەزار کیلۆمەتر لەسنورەکانی ئیسرائیلەوە دورە بەئامانجگیراوە".
ئاماژە بەوەشکراوە، شەهریاری بەرپرسی سەرجەم چالاکییەکانی پەیوەندیدار بەگواستنەوەی چەکو تەقەمەنی بۆ هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەو چەندین ساڵ بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ "ڕێکخراوەكانى حەماسو حزبوڵڵاو حوسییەکان" هاوکاریی هەبوەو ئەو موشەکو هاوەنانەی لەلایەن ئەو گروپانەوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکران، هەمویان لەلایەن ئەو فەرماندەیەوە دابینکرابون".
بێهنام شەهریاری کە بەناوە خوازراوەکانی، "سەید عەلی ئەکبەر میروەکیلی"، "سەید حەمید ڕەزا شاهچراغی"و " "حوججەتوڵڵا نەریمانی" خۆی دەناساند، لەساڵانی ڕابردودا لەیەکەی 190ی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران چالاکیی دەکرد، ئەم یەکەیە بەرپرسی گواستنەوەی چەک بۆ گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران لەناوچەکەیە.
بهگوێرهى ڕاگەیاندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئەم فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران جیا لەگواستنەوەی چەک بۆ گروپە میلیشیاکانی ناوچەکە، بەرپرسی گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ "ڕێکخراوە تیرۆریستییە جیاوازەکان" بوەو بەکەڵکوەرگرتن لەتۆڕێکی پێکهاتوو لەچەند کۆمپانیای کارتۆنی، ژمارەیەک بنکەی ئاڵوگۆڕی دراوو کۆمەڵێک قاچاخچی لەتورکیاو لوبنان ئەوکارەیکردوە.
سوپای ئیسرائیل پێیوایە، "کوژرانی بێهنام شەهریاری، زەبرێکی قورس لەتواناییەکانی ڕێکخراوەكانى دەوروبەری ئیسرائیل دەداتو بەربەستێکی گەورە لەبەردەم هەوڵەکانیان بۆ بەهێزبونەوهیان دروستدەکات".
کاتژمێرێک پێشتریش وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بۆ کاروباری فەڵەستینو فەرماندەی یەکەی درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ڕاگەیاندبوو.
