شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"، بەرپرسانی ئەوروپی لەهەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانیاندا ڕایانگەیاندوە، هێرشەکانی ئەمریکا زیانێکی زۆریان بەپڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران گەیاندوە، بەڵام بەپێچەوانەی بانگەشەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، بەتەواوی وێران نەبوە.
سێ بەرپرسی ئەوروپی، کە نەیانویستوە ناویان ئاشکرابکرێت، ڕونیانکردوهتەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیلو دواتر ئەمریکا، هاندەرێکی نوێیان بەتاران بەخشیوە بۆ بەردەوامبون لەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیان بەشاراوەیی.
ئەو بەرپرسە ئەوروپییانە پێیانوایە کە ئەم هێرشانە لەوانەیە بۆ سەرکردەکانی تاران بەڵگەی ئەوەبێت کە باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن، پەرەپێدانی توانای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییە.
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، لە29ی حوزەیرانی ڕابردوو لەپلاتفۆڕمی کۆمەڵایەتی خۆی "تروس سۆشیاڵ" ڕایگەیاندبوو، "هیچ پێشنیازێک بۆ ئێران ناکات، دوای وێرانکردنی تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، دانوستان لەگەڵ تاران ناکات".
ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر وتبوی دانوستانەکان لەوانەیە "ئەم هەفتەیە" دەستپێبکەن، بەڵام بهگوێرهى قسەی بەرپرسانی ئەوروپی، ترامپ بەگۆڕانی هەڵوێستەکانی ناسراوە، هەروەک حەزی لەئەنجامدانی مامەڵەو ساتو سەودایە، بۆیە دورنییە ڕێبازی خۆی سەبارەت بەئێران بگۆڕێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر واشنتۆن بڕیار بدات بچێتە دانوستان لەگەڵ تاران، ئەوا بەئەگەری زۆرەوە بەبێ بەشداریکردنی ئەوروپییەکان دەبێت، کە لەوەتەی ترامپ بوەتە سەرۆکی ئەمریکا پەراوێزخراون.
میشێل دوکلۆ دیپلۆماتکاری پێشوی فەرەنسی پێیوایە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئەگەری زۆرەوە "سورتر دەبێت لەسەر گەیشتن بەبۆمبی ئەتۆمیو بەشاراوەیی زۆرترین شێوە ئەمکارە دەکات".
هەروەک وتوشیەتی، "خواستی تاران بۆ بەشداریکردن لەدانوستانەکان تاڕادەیەک پەیوەستە بە"هاوسەنگی هێزی نوێ لەناو ئێراندا"، سەرنجڕاکێشی گەیشتن بەڕێککەوتنێکی ئابوری لەگەڵ واشنتۆن.
