وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ڕێژەی هەژاریی لەعێراق دابەزیوە

عیراق

21 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1409 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری پلاندانان محەمەد عەلی تەمیم ڕایگەیاند، ڕێژەی هەژاریی لەساڵی 2018 تا 2024 دابەزیوە بۆ 10.8٪، ئاماژە بەوەشده‌كات، ڕاپۆرتی پێوەری نیشتمانی فرە ڕەهەندی هەژاری سەرجەم پارێزگاکان دەگرێتەوە بەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.


وەزیری پلاندانانی عێراق لەکۆنگرەی ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی نیشتمانیی فرە ڕەهەندی هەژاریدا تەئکیدی لەوەکردەوە، حکومەتی عێراق بەرەنگاربونەوەی هەژاری دەخاتە ڕیزی ئەولەویاتی خۆیەوەو سەرکەوتوبوە لەکەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری بۆ 17.5٪ بەبەراورد بە20٪ی ساڵانی پێشوو.

ئاماژەی بەوەدا، حکومەت تەنها گرنگی بەبەرزکردنەوەی داهاتی تاک نادات، بەڵکو هەوڵدەدات لەئاستەنگەکانی گەشەسەندن تێبگات‌و کەلێنەکان چارەسەربکات بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە کە خوێندن‌و خزمەتگوزاری پێویست لەخۆبگرێت.

ڕونیشیکردەوە، وەزارەتی پلاندانان لەگەڵ پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و دەستپێشخەری هەژاریی‌و گەشەپێدانی مرۆیی هاوکاری کردوە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی نیشتمانی نوێ لەسەر هەژاری فرە ڕەهەندی لەسەر بنەمای سەرژمێریی کۆمەڵایەتیی‌و ئابوریی خێزانە عێراقییەکان کە نیشاندەری وردو نوێی لەسەر ئاستی بەغداو پارێزگاکان دابینکردوە.

ئاماژەی بەوەدا کە بەهای نیشاندەری هەژاری لە11.4٪ لە2018 بۆ 10.8٪ لە2024 دابەزیوە.

هەروەک ڕایگەیاند، پێوانەی هەمەلایەنەی هەژاریی ژنان دادەنرێت، کە بەیەکەم هەنگاو دادەنرێت لەجیهانی عەرەبیدا، وەک بەشێک لەهەوڵەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژنان.

وتیشی:"عێراق یەکەم وڵاتە کە لەساڵی 2022دا پێوانەی هەژاری منداڵانی ئامادەکردو ئامادەکارییەکان بۆ راپۆرتێکی نوێ لەساڵی 2026 بەردەوامن".