هه‌ولێر ڕوپێویه‌كه‌ى عێراق ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

کوردستان

22 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا ڕوپێوی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی لەبارەی ڕێژەی هەژاریی ڕەتده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت:"ئەم ڕاپۆرتە بێئاگاداریی وەزارەتی پلاندانان‌و دەستەی ئاماری هەرێم ڕێکخراوە".


بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەغدا، ڕاپۆرتی هەژاریی فرەڕەهەند (MPI) ڕاگەیاند کە بەهاوکاریی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) ئامادەکرابوو.

له‌وباره‌یه‌وه‌ وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت:"ئەم ڕاپۆرتە بێئاگاداریی وەزارەتی پلاندانان‌و دەستەی ئاماری هەرێم ڕێکخراوە".

ده‌شڵێت:"دەبوایە لەسەرەتاوە بەهاوبەشی کار لەسەر ئەم ڕاپۆرتەو وردە کارییەکانی بکرایە تاوه‌کو ڕاوبۆچونی حکومەتی هەرێم تیایدا جێگیربکرابا".

به‌پێویستى زانیوه‌، "دوا ڕەشنوس بەدەستمان بگات تاوه‌کو پێشوەخت ئەنجامەکانی پەسەندبکەین‌و ئامادەبین لەڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی‌و دواتر سود لەئەنجامەکانی وەربگرین".

وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکردوە، "ڕێژەکانی ئاماژەپێکراو لەڕاپۆرتەکەدا پشتیبەستوە بەداتاکانی دوا ڕوپێوی (ئابوری‌و کۆمەڵایەتی خێزان) ساڵانى (2023 ـ 2024)و له‌(2025 ـ 2026) ئەنجامەکانی ڕاگەیه‌ندراو بەمەنهەجیەتی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی کاری لەسەرکراوە کە لەساڵانی پێشتر پێکەوە لەگەڵ دەستەی ئاماری عیراق ڕاهێنان کرابوو بۆ بەکارهێنانی نیشاندەرەکانی تاکو نەک تەنها هەژاریی مادی بنەمای پلان‌و ستراتیژەکان بێت (بەگوێره‌ى ئەنجامەکانی ڕوپێوی ئاماژەپێکراو لەعێراق 19.3%و له‌هه‌رێمیش 8.6%، بەڵکو ڕێبەری هەژاری فرە ڕەهەند دروستبکرێ بۆ پەنجەدانان لەسەر جۆرەکانی تری هەژاری لەکۆمەڵگە.